بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەبارەی مامەڵهی حکوومەتی هەرێم بهرامبهر بەژیانی پەنابەران و دۆسیهی پهنابهرانی کورد لهوڵاتی لیتوانیا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت: "دوێنێ دووشەممە ١٧/١/٢٠٢٢ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەسەردانێکی بۆ کوردستان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووە، گوایە دەربارەی پرۆسەی سیاسی عێراق و کیشەی کۆچبەران لە ئەورووپا قسە و باسیان کردووە و باسیان لەوە کردووە کە ههردوولا هاوڕا بوون که دهبێت ڕێگری له بازرگانی کردن به مرۆڤ و بهکارهێنانی بۆ مهرامی سیاسی بکرێت، بۆ ئهم مهبهستهش هاریکاریی هاوبهشی وڵاتان بهتایبهتی عێراق و ههرێمی کوردستان لهگهڵ وڵاتانی یهکێتیی ئهورووپا، پێویسته."
فیدراسیۆنی پەنابەران ڕیگهیاندووه، "ئەم جۆرە لێدوانانە جارێکی دیکە ئاماژەن بۆتێکدانی ژیانی هاوڵاتیانێک کە بەهەر هۆیەکەوەبێت روویان لەولاتانی ئەوروپا کردەوە. هاولاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵومەرجێکی سەختی ژیان و گوزەران و سەرکوتی سیاسی و نادیاری ئایندەی سیاسی کوردستانەوە ناچار بە جێهیشتنی کوردستان کراون."
ئاماژهی بۆ ئهوهش کردووه، "سەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوایە بەگرتنەبەری ڕێکاری توند دەیانەوێت ڕیگریی بگرن لەکۆچکردن و بازرگانی بە مرۆڤەکانەوە، بەڵام چاوی خۆیان لەو ڕاستیە دەپۆشن کە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تاڵانچی خۆیان هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان کوردستان جێبهێڵن."
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دەشڵێت: "خەڵکی کوردستان و پەنابەران لەدەرەوە لەوە ئاگادارن کە لەمانگی نۆڤەمبەر و دیسەمبەری ساڵی ڕابوردوودا، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و سوکایەتی کردنیان بۆ سەر هەزاران پەنابەری کورد دەستپێکرد، کە بەمەبەستی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە وڵاتانی بیلاڕوسیا وپۆڵەندا لەسەر سنورەکان و لە ژێر بارودۆخێکی سەخت ومەترسیداردا گیریان خواردبوو، سەرئەنجامیش لە ڕێکەوتنێکی سیاسی ژێربەژێردا بە هاوکاری حکومەتی عێراق و چەند وڵاتێکی ئەوروپی پەنابەرانێکی زۆریان ناچار بەگەڕانەوە کرد بۆ کوردستان."
بهپێی ڕاگهیهندراوهکه، "ئەم پەنابەرانە نەک هەر قەرەبوو نەکرانەوە، بەڵکوو بەشێوازی جۆراوجۆر لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتیەوە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوەو بێشەرمانە سوکایەتیان پێدەکرا.لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم بەئامانجی وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی و شانخالیکردن لە بەرپرسیارێتی، دەیەوێت سات وسەودا و ڕێکەوتنێکی سیاسی تر بەژیان وچارەنوسی سەدان پەنابەران بکات لە وڵاتی لیتوانیا."
لهکۆتایی ڕاگهیهندراوهکهی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیدا هاتووه، “ئەم سیاسەتی سات و سەودا و بازرگانیکردنە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمەوە بەژیانی پەنابەرانی کوردەوە ئیدانە دەکەین، هاوکات بانگەوازی سەرجەم ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافی پەنابەری لە ئاستی جیهانیدا و هەروەها خەڵکی ئینسادۆستی کوردستان لە ناوەوە و لەدەرەوەی کوردستان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەم سیاسەتی دژە ئینسانیەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی لیتوانیا بەرزبکەنەوە".
Your Comment