بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سووریای دیموکرات(HSD) ئاماری هێرشەكانی ١٥ ڕۆژی ڕابردووی توركیای بۆسەر كوردستانی سووریای بڵاو کردەوە و لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "توركیا و چەتەکانی لە ١٥ رۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٥٥ جار هێرشیکردووەتە سەر ناوچەکانی منبیج، کۆبانێ، عەین عیسا، تەل تەمر، رێگەی ئێم٤، دربێسی".
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، "توركیا بۆ ئەوەی ڕەوایەتیی بە هێرشەکانی بدات، پڕووپاگەندەی ئەوە دەکات کە گوایە ژمارەیەکی زۆر شەڕڤانی ئێمەی شەهید کردووە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەموو هێرشەکاندا هاوڵاتیانی مەدەنیی کراونەتە ئامانج".
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە-دا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، لە ئەنجامی تۆپبارانی تورکیادا دوو هاوڵاتی مەدەنیی گیانیان لەدەست داوە و ٥٨ هاوڵاتیش برینداربوون.
Your Comment