هادی عامری لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کۆ بوویەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 17-1-2022 هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کۆبوویەوە.

لەیەکەم کۆبوونەوەیدا هادی عامری لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بیڕورا لەبارەی دوا ھەنگاوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی تازە و ھەماھەنگی نێوان پێکھاتەکانی عێراق ئاڵوگۆرکران.

پاشان نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازىی له‌ هادى عامرى سه‌رۆکی هاوپەیمانیی ئه‌لفەتح كرد و له‌ ديدارێكدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌ردەم پرۆسه‌ى سياسى و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو و هه‌وڵ و گفتوگۆى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان تاوتوێ كرد.

لە دیدارەکەدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و گرفته‌كان به‌ گفتوگۆ كرده‌وه‌ و هيوايان خواست لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش لايه‌ن و پێكهاته‌ عێراقييه‌كان كۆبكاته‌وه‌.

هەروەها هادی عامری لە کۆبوونەوەیێکدا لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێیان تاووتوێ کرد و جەختیان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان کرد بە ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەتێک کە مافی گشت هاووڵاتییانی عێراق بپارێزێت و ببێتە هۆی هێنانەدی سەقامگیریی و شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی کیشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور.

News Code 4755

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha