کوردپرێس:
بەرهەم ساڵح ڕۆژی یەکشەممە 12-12-2021، لە گوتارێکدا بە بۆنەی سەد ساڵەی راگەیاندنی دەوڵەتی عێراق رایگەیاند، "عێراقییەکان مشومڕیانە سەبارەت بە هۆکارەکانی دۆخی پڕقەیرانی عێراق، ئەوان ناکۆکن لەبارەی رۆڵی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ لادانی ترسناک روویاندا، کاتێک سەربازەکان تێکەڵی سیاسەت و کودەتاکان و دەستووری کاتیی کران، لەگەڵ هەڵسوکەوتی جیاکاری و سەرکوتکردن و شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، هەروەها بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و وشککردنی زۆنگاوەکان".
بەرهەم ساڵح گوتیشی: "گەورەترین وانەی سەد ساڵەی تەمەنی دەوڵەتی عێراق بریتییە لە پێویستیمان بۆ دەسەڵاتێکی راست و دروست. چونکە گومانی تێدا نییە ئەو دەسەڵاتە پێویستی بە چاکسازییەکی راستەقینە و ریشەییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە ساڵی 2003وە بەدیهاتووە کەم نییە، بەڵام پێویستمان بە رێککەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چاوخشاندنەوە بە هەڵە و ئەزموونەکانی رابردوو، بۆیە پێویستە کۆتایی بە دۆخی بەردەوامی قەیرانەکان بێنین، لە کۆتاییشدا نە شیعە، نە کورد، نە سوننە و نە پێکهاتەکانی دیکە لەو دۆخەی ئێستا رازی نین و دان بەوەدا دەنێن کە مەحاڵە بەردەوام بێت، دیاردەی گەندەڵیش رێگرێکی دیکەیە لە پێش دەسەڵاتداریی راست و دروست".
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەش بەوەش کرد، کێشەی پەیوەندیی نێوان کورد و بەغدا لە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەوە سەریهەڵداوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە و گوتی: "بۆیە دەبێت گفتوگۆی جیددی لە بەغدا بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی هاوبەشیی راستەقینە لە رێگەی چارەسەرە یەکلاکەرەوەکان، کە خزمەتی هەموو عێراقییەکان دەکات لە بەسرەوە تاوەکو بەغدا و نەجەف و ئەنبار و موسڵ، هەتا دەگاتە کوردستان".
Your Comment