بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە 8-12-2021 مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر پێشوازیی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەسروور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی مستەفا کازمی و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران.
هەروەها جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتایی هێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.
سەر چاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment