کوردپرێس:
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دەرباز کۆسرەت رەسوول، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشوازی لەیڤیس دوڤال، لێپرسراوی نووسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "پێشوازی لە ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێک دەکەین کە بنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، کاری لەپێشینەی یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەییە لە بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆمان و چاکسازییەکانی ناو رێکخراوەیی و حکومەتیش ھەر لەو پێناوەدایە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا قۆناخی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق، بەشداریی کورد لە حکومەتی داھاتوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بۆچوون و ھەڵوێستی یەکێتی لەو رووانەوە ئاماژەی پێکرا."
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و گۆڕانکارییەکان روونکردنەوەی داوەتە میوانەکانی، پێی گوتوون، "بۆ ئەمڕۆ پێکھێنانی حکومەتی خزمەتگوزار، کارا و چالاک پێویستی قۆناخەکەیە و وەڵامدەرەوەی خواستی شەقام و داواکاری ھەموو لایەک دەبێت کە ئێمە پشتگیری لەم ھەوڵانە دەکەین لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک."
لەبارەی چوونی شاندی کوردیش بۆ بەغدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، "یەکڕیزیمان و تەبایمان لە ناوەند زامنی پاراستنی مافەکانمان دەبێت و لە ھەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانین تا بەیەک نامەی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بچینە گفتوگۆوە."
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هاوئاهەنگی و پێشخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و کەنەدا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە پرۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان بکات، ھانی کۆمپانیا و خاوەنکاران بدرێت سەرمایەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بخەنە گەڕ و ھاوکار بن بۆ بوژاندنەوەی زیاتری بازاڕ و رەخساندنی ھەلی کار.
لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی باشترکردنی ژیانی هاونیشتمانیان لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو خوێندکاران لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان خۆپێشاندانیان کرد. خوێندکاران داوای دەرماڵەیان دەکرد، دواتر داواکارییەکانیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە بەشەناوخۆییەکان گۆڕا. ئێوارەی رۆژی رابردووش لە بەشێک لە شارۆچکەکان، خەڵکی خۆپێشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزاریی زیاتریان کرد.
Your Comment