سه‌رژمێریی دانیشتوان له ‌عێراق به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان کە وابریارە لەکۆتایی ساڵی 2022 ئەنجام بدرێت، بەشێوەی ئەلیکترۆنی ‌و بەنوێترین تەکنیک ئەنجام دەدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیا کازم عەواد سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار لەلێدوانێکدا بەڕۆژنامەی "سەباح"ی سەر بەحکوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە، "سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان کە ئومێد دەکرێت لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 ئەنجام بدرێت نوێترین ڕێگه‌ی تێدا بەکاردەهێنرێت".

ناوبراو وتویه‌تى: "بەوپێیەی جیهان شۆڕشێکی زانیاریی ‌و داتایی بەخۆوە دەبینێت‌ و ژمارەیەکی زۆر لەوڵاتانیش ڕوویان لەسەرژمێریی تۆمار و دابەزاندنی داتاکان لەناو داتابەیسی زۆر گەورەدا کردووە، بەوشێوەیەش دەتوانین لە داهاتوودا دەستبەرداری ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان بین کە خەرجیی ‌و هەوڵ ‌و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت".

زیا کازم عەواد ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌، "ئەگەرهات ‌و بەرەو ڕێکخستنی تۆمار و داتای باوەڕپێکراو ڕۆیشتین، ئەوە بەپێی ڕاسپاردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانرێت ئەنجامەکانی تاوەکوو 10 ساڵی تریش پشتیان پێببەبەسترێت کە ئەمەش بازدانێکی جۆریی ‌و تەکنیکییە لە کارکردنی دەزگاکەیاندا بەتایبەت کە لەدوای ساڵی 1997وە هیچ سەرژمێرییەک لە عێراق ئەنجام نەدراوە، بەڵام ڕووپێویی ‌و چالاکییە ئامارکارییەکان بەردەوامبوون‌ و هەموو داتاو پێنوێنییەکی پێویستیان داوەتە دەزگا زانستی ‌و زانکۆو وەزارەتەکان".

لەماوەی ڕابردوشدا عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەبارەت بەئەنجامدانی سەرژمێریگشتیی دانیشتوان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی‌ و وتی:"بەدڵنیاییەوە ئەگەر پێشهاتی زۆر کاریگەر نەیەنە پێشەوە هەموو ئامادەکارییێک دەکەین بۆ ئەوەی ساڵی 2022 ساڵی جێبەجێ کردنی سەرژمێری گشتی بێت لە عێراق".

عێراق لەنێوان ساڵانی 1927 تاوەکوو 1997، هەشت سەرژمێریی گشتی ئەنجام داوە، ئەوانیش لەساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، 1997 کە ئەمەی دوایینیان بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو. لەدوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن‌و 184 هەزارو 534 کەس.

بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەساڵی 2022 دەگاتە 42 ملیۆن‌و 248 هەزارو 900 کەس.

News Code 4130

Your Comment

You are replying to: .
captcha