کوردپرێس:
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ژمارەیێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان باسی چەند پرسێکی کرد لەوانە دەستووری هەرێمی کوردستان، داهاتی نەوت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی نێو پەرلەمان و کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات کرد.
پرسی دەستوور
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی دەستوور و چارەنووسی دەستوور لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ناکۆکیی هێزە سیاسییەکان وایکردووە تاوەکو ئێستا نەبینە خاوەنی دەستوور، هەموو هێزە سیاسییەکان رێککەوتن لەم خولە دەستوور تیپەڕێت بەڵام زۆر لایەن پەشیمان بوونەتەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بە سەردانەکانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: "کە سەردانمانکردن شتێکیان دەگوت و کە چووینە قۆناخی کرداریی بۆ نووسینەوەی دەستوور شتێکی دیکەیان دەگوت، هەندێکیان بە راشکاوی گوتیان دەستوور گرنگ نییە".
رێواز فایەق هەروەها باسی ئەوەیکرد کە "هێشتا دیار نییە رەشنووسەکانی پێشتر دەبنە بنەمای دەستوور یان پەرلەمانی کوردستان بڕیار لە رەشنووسێکی دیکە دەدات". سەبارەت بەوەی لەم خولە یەکلایی دەبێتەوە یان دەچێتە خولەکانی داهاتوو، رێواز فایەق گوتی: "من خۆم رەشبین نیم بەوەی کە ئەم خولەی پەرلەمان نەتوانێت دەستوور تێپەڕێنێت، بەڵام لە بەردەم ئاڵنگاریی زۆرداین و داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەم بۆ پرسی نوسینەوەی دەستوور بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن".
داهاتی نەوت
داهاتی نەوت یەکێک بوو لەو تەوەرانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان قسەی لەسەر کرد. رێواز فایەق لەبارەی ئاگاداربوونی پەرلەمان لە داهاتی نەوت گوتی: "بەپێی ئەو ژمارە و بەدواداچوونانەی هەن، داهاتی نەوت لە مانگێکدا 900 ملیۆن دۆلارە بەڵام تەنیا 350 ملیۆن دۆلاری دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی".
رێواز فایەق باسی ئەوەیکرد کە بەپێی راپۆرتی دیلۆیت دەزانن چەند لەو داهاتە بۆ ئیستیحقاقاتی کۆمپانیاکانی نەوت دەڕوات و چەند بۆ قەرزی کۆمپانیاکان، بەڵام دەڵێت: "من وەکو سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری داهاتی کوردستان نیم و هێشتا نازانین بڕێکی زۆر لە پارەی نەوت چی بەسەر دێت. ئەو داهاتەی دەچێتە وەزارەتی دارایی ئاگادارین چونکە هەم وەزیری دارایی دێتە پەرلەمان و پێمان دەڵێت و هەم لیژنەی دارایی دەچنە لای وەزیر و وردەکارییان پێدەڵێن. بەڵام لە دەرەوەی وەزارەتی دارایی، نازانین داهات چەندە".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەوەرێکی هەڤپەیڤینەکە بوو و لە وەڵامی پرسیاری رووداو کە ئایا یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووە، رێواز فایەق گوتی: "یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنە و من وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تیمی یەکێتی و هەم وەک فراکسیۆنی یەکێتیش لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە راسپێردراوین کە کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکەین".
رێواز فایەق هەروەها داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد ئەگەر دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت "دەبێت هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین کۆمیسیۆن بخەینەوە کار چونکە ئەم کۆمیسیۆنە لە 2020 ـەوە ماوەیان بەسەرچووە و هیچ دەسەڵاتێکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان نییە. دەبێت لەدەرەوەی پەرلەمان رێککەوتنی سیاسیی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونکە دواجار هێزە سیاسییەکانن کە بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدەن".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت 111 پەرلەمانتاری نوێ لە رۆژی 6-11-2022 لە پەرلەمانی کوردستان بن".
دۆخی نێو پەرلەمانی کوردستان
کۆبوونەوەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کێشە تێناپەڕن. رێواز فایەق هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پێکهاتەی ئێستای پەرلەمانی کوردستان زۆر جیاواز لە خولەکانی پێشوو. رێواز فایەق دەڵێت: "ناکۆکییەکان ئێستا زیاترن و کۆنترۆڵکردنیش سەختترە".
سەبارەت بە قسەکانی جەلال پەرێشان و هەڵوێستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەوبارەوە رێواز فایەق گوتی: "ئەگەر خۆم گوێم لە قسەکانی جەلال پەرێشان بوایە و ئەو قسانەی کردبووایە دەرم دەکرد و نەمدەهێشت بێتەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان. ئەگەر ئەو قسەیەی بە روونی کردبێت بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی لەو ریزەی دانیشتبوون و گوێیان لێبوو هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، چونکە ئەگەر وایگوتبێت ئەو قسەیە زۆر قورسە و دەبوو کاردانەوەیان هەبوایە".
رێواز فایەق باسی ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دەکات وەک سەرۆکی پەرلەمان و دەڵێت: "من وەکو سەرۆکی پەرلەمان زۆر بە رێکخراوەیی هێرشم دەکرێتەسەر و زۆر بە ئامانج کراوم. کەمترین پشتگیریم هەیە و بە بەرنامە پەرلەمان ناشیرین دەکرێت".
کۆچ
پرسی گەرمی ئەمڕۆی باشووری کوردستان کۆچی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی ئەو کۆچبەرانەیە لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندان. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە گوتی: "ئەمەی ئێستا روودەدات شتێکی نائاساییە و لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە".
سەبارەت بە ناردنی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ ئەو سنوورە، رێواز فایەق گوتی: "بڕیاری ناردنی لیژنەکەمان بۆ پۆڵەندا بۆ ئەوە نەبوو کە بچنە نێو کۆچبەران چونکە هەموومان دەزانین چەندە تووڕەن و دڵنیام قبوڵیان نەدەکردن بچنە لایان. ئەوان بۆ ئەوە دەچن لەگەڵ حکومەت و رێکخراوە مرۆییەکان قسەبکرێت بۆ باشترکردنی دۆخی کۆچبەران، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ڤیزا وەرگرن"
Your Comment