بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکان و بەرپرسانی عێراقی شاندێکی یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدایە و ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆ دەبنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندام لە شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەغدا هەڵسەنگاندنە بۆ دۆخی ئێستای عێراق و هێنانەوەی بەرچاوڕوونییەکە بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

رێبوار تەها دەڵێت، ئەوان بۆ رێککەوتن نەچوونەتە بەغدا، بەڵکو "لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی بەغدا و دوای هەڵبژاردن گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی بەرە و لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سوننە دەکەین".

ناوبراو هەروەها گوتیشی، "ئەمشەو لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بوونەتەوە و چوارشەممەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆ دەبنەوە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی دەیەوێت هەنگاوی رژدی بنێت کە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بچنە بەغدا، گوتیشی: "دەکرێت پڕۆژەی هەموو لایەنەکان یەکبخەین کە ببێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی".

شاندەکەی یەکێتی لە بەغدا پێکهاتوون لە رێبوار تەها، خالید شوانی، د. مەجید و رابیحە حەمەد، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

News Code 4031

Your Comment

You are replying to: .
captcha