پارتی لە سەر بنەمای دەنگ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێت كە حزبەكەی لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكات بۆ سەردانی لایەنەكانی دیكەی هەرێم بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دەشڵێت: سەرەڕای مێژووی حوكمڕانیی هاوبەشی پارتی و یەكێتی، بەڵام پێویستە ئەنجامەكانی دەنگی خەڵک لە واقعی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان ڕەنگ بداتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە سایتی رۆژنیوزی راگەیاندووە: نازانێت حزبەكەی یەكەمجار سەردانی كام لایەن دەكات، بەڵام پارتی ئەزموون و مێژوویێکی لەگەڵ یەكێتی هەیە لە حوكمڕانیی هاوبەشی هەرێمی كوردستان، پلەبەندیی هێزەكانیش لەڕووی قەوارەی پەرلەمانی و دەنگی خەڵكەوە بەشێوەیێكە، كە پارتی یەكەم و یەكێتی دووەمە.

عەتا شێخ حەسەن دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ یەكێتیدا لەسەر بنەمای دەنگ مامەڵە دەكەن، لەو بارەیەوە وتی: بۆیە هەڵبژاردن دەكرێت تا خەڵک بڕیاری سیاسی بدات، ئەو بڕیارەی خەڵكی كوردستان داویەتی پارتیی كردووە بە خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمان و یەكێتیی كردووە بە خاوەنی 21 كورسی، بۆیە پێویستە ئەم نەخشەسازییەی دەنگی خەڵک لە واقعی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان ڕەنگ بداتەوە.

عەتا شێخ حەسەن نەشیشاردەوە، كە پارتی مێژووی یەكێتی و مێژووی هاوبەشیی نێوانیان لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام هەڵبژاردنیشی بە وەڵامدەرەوە بۆ دابەش كردنی ڕۆڵی سیاسیی لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان ناوزەد كرد.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39236

Your Comment

You are replying to: .
captcha