کوردەکان هەزاران ساڵە لێرە دەژین و 100 ساڵە تورکیا نکۆڵیی لێدەکات

بەشی تورکیا- ئەو هاونیشتمانیەی سێرتی کوردستانی تورکیا کە لەسەر ناوهێنانی کوردستان دەستبەسەرکرابوو دەڵێت کوردەکان هەزاران ساڵە لێرە دەژین و 100 ساڵە تورکیا نکۆلیی لێدەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی ئی پارتی رۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی 2021 لە سەردانێکی بۆ پارێزگای سێرتی کوردستانی تورکیا چووە دووکانێکی هاونیشتمانییەک و گفتوگۆکەی نێوانیان بووە هۆی دەستگیرکردنی خاوەن دووکانەوە و مژارێکی گەرم لە تورکیا.

لە سەردانەکەی مەرال ئاکشەنەر بۆ لای ئەو دووکاندارە بە ناوی جەمیل تاشکەسەن، لەبارەی کوردستان و مافی کورد لە تورکیا گفتوگۆیەک کرا. جەمیل تاشکەسەن بە ئاکشەنەری گوتبوو، "ئێرە کوردستانە، ئەم شوێنەی ئێستا تۆی لێیت کوردستانە، نکۆڵیی لە زمانمان دەکرێت، نکۆڵی لە ناسنامەمان دەکرێت، نکۆڵی لە کوردستان دەکرێت. ئێمە لە دژی ئەوەین. ئێرە کورستانە، بەڵام بەداخەوە لە پەرلەمان ئەم کوردستانە نکۆڵی لێ دەکرێت".

داواکاری گشتی شارۆچكەی میسرج بەهۆی ئەو گوتانەوە بە تۆمەتی پەڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد، کاژێر 3ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 29ی تشرینی یەکەم ئەو دووکاندارە کوردە دەستگیرکرا و دوای وەرگرتنی گوتەکانی درەنگانی شەو ئازاد کرا.

جەمیل تاشکەسەن لەبارەی دەستگیرکردنییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گوشاری زۆریان لەسەر من دروستنەکرد، لە نیوەشەو هاتن و منیان برد، ماڵباتەکەم ئازاریان پێگەیشت. منیان برد بۆ گوتە وەرگرتن، قسەکانی من ئازاری دان و دەیانویست ئازارم بدەن".

تاشکەسەن هەروەها گوتی: "لە ئاسایش لە منیان پرسی ئێرە کوێیە؟ منیش گوتم ئێرە کوردستانە و ئەوانەی لێرە دەژین کوردن. کولتووری ئێمە، مێژووی ئێمە، هەبوونی ئێمە و هەر شتێکی ئێمە کورد و کوردستانە".

ئەو هاونیشتمانییە کوردە لەبارەی کاردانەوەی ئەوانەوە گوتی: "ئەوان لەو قسانەی من نیگەران بوون، بەهۆی ئەوەی بەدڵی ئەوان قسەم نەکرد. بەڵام نیگەران بوونی ئەوان لای من گرنگ نییە".

سەبارەت بە قسەکانی لەگەڵ مەرال ئاکشەنەر، تاشکەسەن گوتی: "ئەوە راستییەک بوو کە گوتم". سەبارەت بە هەڵوێستی ئاکشەنەر لەدوای قسەکانی گوتی: "هەڵویستێکی لاوازی هەبوو و دامابوو. شتێکی وای پێنەبوو وەڵامی من بداتەوە. ئەو کە نکۆڵی لە تۆ دەکات دەبێ چیبکەی؟

تاشکەسەن لە کۆتاییدا جەختی لە یەکگرتنی کورد کردەوە و وتی: ئێمە چارەیەکمان جگە لە یەکگرتن نییە ئێمە دەبێت یەکگرتوو بین تا نەتوانن نکۆڵیمان لێبکەن.

News Code 3895

Your Comment

You are replying to: .
captcha