بۆنی زبڵ شارەکەی خەست کردۆتەوە/ کێشەی زبڵی مەریوان دەگاتە ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان

بەشی کوردستان- ماوەیێکە شاری مەریوان گیرۆدەیە بە گرفتی زبڵی شارەکە و نەبوونی جێگایێک بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و کەمتەرخەمی بۆ دابین کردنی مەعمەلی بەرهەم هێنانەوە وای کردووە شارەکە لە بۆنی زبڵ خەست ببێتەوە و تەنگ بە هاووڵاتییان هەڵبچنێت.

کوردپرێس:

بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارێک بۆ کێشەی زبڵی مەریوان بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 25ی ئاب لە ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان شارەوان و پێشنوێژی هەینی و قایمقام و پیاوماقووڵانی شاری مەریوان لە ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان دانیشتنێکیان لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە ببێت و تەگبیرێکی ئەو کێشە گەورەیە بکەن.

هێرش ڕەزایی وتەبێژی ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: قایمقامی کوردستان بۆ کێشەی زبڵی مەریوان هاتۆتە سەر خەت و بەو مەبەستەش فەرمانی کردووە دەستەیێکی کارگێڕی بۆ کێشەکە پێک بهێنرێت و کۆبوونەوەیێکیش بە بەشداریی شارەوان و قایمقام و ئیمام جومعە و پیاوماقووڵانی شاری مەریوان لە ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان پێک بهێنرێت و لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی ئەساسی بۆ کێشەکە بکرێت.

پێشتر زبڵی مەریوان لە زبڵدانییەکەی لای گوندی ئەسراوا کۆدەکرایەوە و بەهۆی نزیک بوونی شوێنی کۆکردنەوە زبڵ بە گوندی ئەسراواوە خەڵکی ئاواییەکە ناڕەزاییان بەرانبەر بەو مەسەلەیە دەربڕی و پاش چەندین دانیشتن و بڕیار وەرگرتن هیچ نەکرا و بۆیەش خەڵکی ئاواییی ئەسراوا ڕێگرییان کرد لە کۆکردنەوەی زبڵ لەو زبڵدانییە. بە ناوندگیریی قایمقام و ئەنجومەنی شاری مریوان، شارەوانی دوو جار دەرفەتی پێ درا کە بۆ ماوەیێکی دیاریکراو زبڵەکە لەو زبڵدانییە کۆ بکاتەوە بەڵام پاش ئەو دەرفەتانەی دیاری کراون چیتر بۆی نییە لە ئەسراوا زبڵ دابکات بەڵام دەرفەتەکان تەواو بوون و کێشەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ئیدارەی پارێزگاریی کوردستانیش دەڵێت پێشتر بڕی 700 ملوێن تمەن بۆ کێشەی زبڵی مەریوان تەرخان کرابوو بەڵام تا ئێستا بۆ پڕۆژەی زبڵ خەرج نەکراوە.

شیاوی ئاماژەیە ئێستا ماوەیێکە شارەوانیی مەریوان چەند ڕۆژ جارێک زبڵی شارەکە کۆ دەکاتەوە و لە کوشتارگای مەریوان هەڵیداوەتەوە و شارەکەی لە بۆنی زبڵ خەست کردۆتەوە. خەڵکی مەریوان لەو وەزعە ناڕازین و بە نیشانەی ناڕەزایی دربڕینیش حەفتەی ڕابردوو لە بەردەم شارەوانیی شارەکە گردبوونەوەیان پێک هێنا. ئێستاش چاوی هیوایان لەم دانیشتنەی ئەمڕۆی ئیدارەی پارێزگاریی کوردستانە بەڵکوو بەرپرسان و پیاوماقووڵانی شار و پارێزگا بتوانن تەگبیرێکی ئەو کێشە گەورەیەی شاری مەریوان بکەن.

News Code 37545

Your Comment

You are replying to: .
captcha