بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/7/2021، یەکێتی و گۆڕان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی و عومەر سەید عەلی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆ بوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی قوباد تاڵەبانی ببێت بە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
دوای کۆبوونەوەکە یەکێتی و گۆڕان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بە مەبەستی خزمەت کردنی زیاتری خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ھاوڵاتیان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا و ھەردوولا جەختیان لە پشتگیری کردنی ناوبراو و سەرخستنی ھاوپەیمانیەتییەکە کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە کارا کردنی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تەواو کردنی ئامادەکارییەکان و چڕکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا".
پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، رێککەوتنیان واژۆ کردووە، بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بکەن، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment