بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەدوای بانگەوازەکەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەری سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان کوردانی سووریا و حکوومەتی دیمەشق، لەئێستادا ئیدارەی خۆسەر لە کوردستانی سووریا پڕۆژەیێک بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی سووریا ئامادە دەکات.
ئیلهام ئەحمەد ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات "مەسەدە" لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە، ئەنجومەنەکەیان پڕۆژەیێک بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئامادە دەکات و مەرجەکانی دانوستانەکەش ئاشکرا دەکات کەبەپێی ئەوە دەبێت سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بمێنێتەوە.
ئەندامەکەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، هەرچەندە مەرجی پێشوەختیان بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی سووریا نییە، بەڵام پڕۆژەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە.
بەپێی پڕۆژەکە دەبێت سیستمی خۆبەڕێوەبەریی لە باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بمێنێتەوە و ھەسەدەش بەپێی میکانیزمێک ببێتە بەشێک لە سیستمی بەرگری سووریا و سوپا وەک دەزگایێکی نیشتمانی تاکە ھێزی چەکدار بێت و دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات.
وتیشی: "ھۆکاری سەرنەگرتنی دانوستانەکانی ڕابردوو، حکوومەتی دیمەشق لێی بەرپرسیار بووە، بەوپێیەی ئەو ڕژێمە ئامادە نییە دان بەدۆخی نوێ لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بنێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment