دانوستاندن بیانوویە؛ ڕووسیا دەیهەوێت کوردەکان بخاتە ژێر ڕکێفی حکوومەتی ناوەندیەوە

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: ئەگەر حکوومەتی سووریا دەیهەوێت دەسەڵاتی پێشووی خۆی بگەڕێنێتەوە پێویستە بەشێوەی فەرمی دان بە مافی کوردەکاندا بنێت و پاشان پێکەوە پاشەکشێ بە تورکیا بکەن.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هۆکارەکانی نەبوونی دانوستان لە نێوان کوردەکان و حکوومەتی سووریا و دەڵێت: ماوەیێکی زۆرە ئێمە دەمانەوێت لەبارەی دۆخی ناوچەکە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا بکەین بەڵام حکوومەت خۆی لێدەبوێرێت.

ناوبراو درێژەی دا: حکوومەت کاتێک لاواز دەبێت باسی دانوستان دەکات بەڵام کاتێک دۆخەکەی باشتر دەبێت شەڕی میدیایی دژ بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەست پێدەکات.

ناوبراو لەبارەی هەڵویستی ڕووسیا لەسەر دانوستانەکانی کوردەکان و حکوومەتی ناوەندی وتی: ڕووسیا پێوەندییێکی دروستی لەگەڵکان نییە و دەیهەوێت گەمارۆ بخاتە سەر ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هەسەدە. ڕووسیا نایەوێت هیچ ئیمتیازێک بە ئێمە یدات بەڵکوو زیاتر ئامانجی لە دانوستان ئەمەیە کە ئێمە لە چوارچێوەی خواستی حکوومەتی ناوەندیدا هەنگاو هەڵبگرین.

کۆفان کەنعۆ جەختی کردەوە: پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی سووریا دووبارە بە دەسەڵات گەیشتنەوەی بەشار ئەسەد، حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەیهەوێت فەرمانگەکانی خۆی لە ناوچەکانی سووریا بکاتەوە کە لای ئێمەوە قبووڵکراو نییە.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وەبیری هێنایەوە: ڕووسیا بە بێ ئاوڕدانەوە بە ڕاستییەکانی ئەرزی واقیع، دەیهەوێت نفووزی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بۆ هەموو ناوچەکان بگەڕێنێتەوە، کە ئەمەش نامومکینە.

ئەم سیاسەتوانە کوردەی سووریا وتی: تاکوو ئەمڕۆ هیچ لایەنێک جیددی نەبوو لە چارەسەر کردنی پرسی سووریا و نە ئەمریکا و نە ڕووسیاش پلانێکیان بۆ چارەسەر نییە.

ناوبراو زیادی کرد: تورکیا دوازدە لەسەدی خاکی سووریای داگیر کردووە. حکوومەتی سووریا ئەگەر بە تەمای گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی پێویستە بە فەرمی دان بە مافی کوردەکاندا بنێت و پاشان پێکەوە هەوڵی دەرکردنی تورکیا بدەن لە خاکی سووریا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2687

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha