بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ۰۶ـی ئابی ۲۰۲۶، کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەستپێدەکات.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چارەسەری و دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای چوارچێوە بۆ پەرلەمان، ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا وەک دەسەڵاتی باڵا کاردەکات بۆ چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
ئەم هەنگاوانە پاش ئەوە دێن، دوێنێ پڕۆژەیاسایەک بە ناوی (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا. پڕۆژەیاساکە بە هەنگاوێکی کردەیی و یاسایی دادەنرێت بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاو لەپێناو کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و بە پشتبەستن بە راپۆرتە نوێیەکانی دەزگای هەواڵگری و سوپای تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵسەنگاندن بۆ دوایین دۆخی چەکدانان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت ئاستی کاریگەریی ئەم پڕۆسە نوێیەی تورکیا لەسەر دۆخی تەواوی ناوچەکە بە وردی تاوتوێ بکرێت.
پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا پێینایە قۆناخێکی نوێوە، پاش ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بانگەوازی چەکدانان ئاراستەی پەکەکە کرا. لە ئەنجامدا، ئامادەیی نیشاندرا بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری. لەم چوارچێوەیەدا، رۆژی چوارشەممە ۰۵ـی ئابی ۲۰۲۶، هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و بە واژۆی ۳۶۰ پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسایەکی ۱۲ ماددەییان رادەستی پەرلەمانی تورکیا کرد.
پڕۆژەیاساکە تایبەتە بە رێکخستنی رێکارە یاساییەکانی چەکدانان و گەڕانەوەی ئەو چەکدارانەی تێوەنەگلاون لە رووداوە خوێناوییەکان.
Your Comment