بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود حەبیب، وتەبێژی SDF، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە ئاشکرای کرد: دواخستنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردن، پەیوەندی بەو ماوەیەوە هەیە کە بۆ ئامادەکردن، ڕێکخستن و پێکهێنانی لیوای سەربازی پێویستە، و لە ئێستادا هیچ خشتەکاتێکی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی هەموو قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیە دانەنراوە.
ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە «مەزلووم عەبدی»، فەرماندەی گشتی SDF، و «ئەحمەد شەرع»، سەرۆکی دەوڵەتی کاتیی سووریا، لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردن و تەواوکردنی لە کەمترین ماوەی مومکیندا ڕێککەوتوون و سووریش لەسەری.
پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سوپای ئەم وڵاتە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەیە کە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ لەنێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتنە، جگە لە تێکەڵکردنی پێکهاتەی سەربازیی SDF لە سوپای سووریا، گواستنەوەی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەوانە خاڵە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز، بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی دیمەشق لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ماددەکانی ئەم ڕێککەوتنە، کۆمەڵگەی کورد وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی سووریا بە فەرمی ناسێندراوە و جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتوو، ناساندنی فەرمیی زمانی کوردی و پاراستنی هەموو مافەکانی دیکەی ئەم کۆمەڵگەیە کراوەتەوە.
Your Comment