بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێلین ئومێد لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد کرد و یادی پێشەنگانی وەک کەمال پیر، خەیری دورمووش، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەکی بەرز ڕاگرت. ئەو جەختی کردەوە کە میراتی بەرخۆدانی ساڵی ١٩٨٢ بڕیاردەری سەرەکیی تێکۆشان و ئیرادەی ئازادی گەلی کورد بووە لە بەرانبەر سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردندا، و هێزی بنەڕەتیی پشت پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆیە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکردووە، هێلین ئومێد ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی تورکیا پەیامی وا بڵاودەکەنەوە کە پرۆسەکە بێ کێشە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمەی بە فریودان و چەواشەکاری ناوبرد. ئەو ئاشکرای کرد کە نزیکەی ٥٠ ڕۆژە هیچ دیدارێک لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام نەدراوە و سیستەمی گۆشەگیری بەردەوامە. مەرج و بنەماکانی تەڤگەرەکەش بۆ بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە ڕوونە؛ لە دەستپێکی پرۆسەکەوە، سەرجەم هەنگاوەکان بەستراونەتەوە بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە و پێویستە پرۆسەکە لەژێر پێشەنگایەتی و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی ئەودا بێت.
هەروەها جەختی کردەوە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا یان هەر لایەنێکی دەرەکی چاوەڕوانی بەردەوامیی پرۆسەی چەکدانانی هەبێت، دەبێت بزانێت کە ئەم دۆخە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دابینکردنی مەرجی کارکردنی ئازاد بۆ ئەو، و لە دەرەوەی ئەم مەرجە، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تەڤگەری ئازادی ناچار بە لادان یان نانی هەنگاوێکی جیاواز بکات.
هێلین ئومێد سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە بێدەنگبوونی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا لەم چەند هەفتەیەی دواییدا نیشانەی بوونی پلانێکی هاوبەشە بۆ هێشتنەوەی پرۆسەکە لە دۆخی چەقبەستووییدا. بە وتەی ئەو، دەسەڵاتی ئاکەپە دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی کات تا کاتی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت، بە ئامانجی ئەوەی کۆمەڵگەی کورد بەبێ تێکۆشان بهێڵێتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوەندەکانی شەڕی تایبەت پێیان وایە بە درێژکردنەوەی کات و نەبوونی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، دەتوانن دابەشبوون و پەرتەوازەیی لە ناو پەکەکە و تەڤگەری ئازادیدا دروست بکەن، بەڵام ڕایگەیاند کە پەکەکە پێکهاتەیەکی جیاوازە و خاوەن باوەڕییەکی کۆڵەکتیڤی مەزنە کە بەم جۆرە پیلانانە تێکناچێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە میدیای تورکیاوە دەربارەی دەرکردنی یاسایەکی نۆ خاڵی بڵاودەکرێنەوە کە تێیدا هەوڵی دابەشکردنی ئەندامانی تەڤگەرەکە دەدرێت بۆ ئەوانەی بەشدارییان لە تاواندا کردووە و ئەوانەی بەشدارییان نەکردووە، هێلین ئومێد هەڵوێستی توندی نیشاندا و گوتی: «ئێمە وشەی تاوان لە بنەڕەتەوە ڕەتدەکەینەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پەکەکە خاوەن ناسنامە و چالاکییەکی کۆڵەکتیڤە و ناتوانرێت یەکێتیی تەڤگەرەکە بەم شێوازە تەسفیەکارانەیە لە یەکتری جیا بکرێتەوە. لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە ئێستا مۆتۆڕی پرۆسەکە بە بەتاڵی کار دەکات و کات بەفیڕۆ دەچێت؛ بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا لە ڕوانگەی تەسکی پارتایەتی بێتە دەرەوە و ڕێگە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ خۆش بکات تا بتوانێت پرۆسەکە بەرەو ئاشتییەکی ڕاستەقینە و دیموکراتیک لە ناوچەکەدا ئاڕاستە بکات.
Your Comment