بنبەستی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان؛ دوو حکوومەت لە دڵی یەک هەرێمدا

دنیا باشول، توێژەر و شرۆڤەکاری پرسەکانی کوردستان، پێکهاتەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە نموونەیەک لە زاڵبوونی پێوەندییە حزبی و عەشیرەیییەکان بەسەر دامەزراوە فەرمییەکاندا دەزانێت. بە بڕوای ئەو، هەرێم دوای ٣٥ ساڵ لە خۆبەڕێوەبەری، هێشتا لە نەبوونی سەروەریی یاسا، دوو جەمسەریی دەسەڵات و لاوازیی دامەزراوە حکومییەکان دەناڵێنێت؛ دۆخێک کە گەشەپێدان، وەبەرهێنان و سەقامگیریی سیاسیی ڕووبەڕووی ئالەنگاری (تەگەرە) کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دنیا باشول، پسپۆڕی پرسەکانی کورد، لە یادداشتێکی شیکاریدا، دۆسیەی "خورشید هەرکی" (یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان) وەک نموونەیەکی ڕوون لە ئالەنگارییە پێکهاتەیییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەخاتە ڕوو و پێی وایە ئەم دۆسیەیە نیشانی دەدات کە هاوکێشەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا، زیاتر لەوەی لەسەر دامەزراوە یاساییەکان بونیاد نرابێت، لەژێر کاریگەریی حیزبەکان و تۆڕە عەشیرەیییەکاندایە.

ئەو دەنووسێت کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دەستگیرکردنی خورشید هەرکی دا، ئەم هەنگاوە نەک لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بەڵکوو لە لایەن حیزبێکی سیاسییەوە پێوشوێنی گیرا. لە ڕوانگەی باشولەوە، هەر ئەم بابەتە دەری دەخات کە هەرێمی کوردستان لە کردودا دابەش بووە بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتی جیاواز لەژێر نفوزی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، و جێبەجێکردنی یاساش لەم دوو ناوچەیەدا وەک یەک نییە.

بە وتەی ئەم شرۆڤەکارە، پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی سەر بە خورشید هەرکی و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە خێرایی گۆڕدرا بۆ ململانێیەکی عەشیرەیی و لە کۆتاییشدا کێشەکە نەک لە ڕێگەی دەزگای دادوەری، بەڵکوو بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە بەدەسەڵاتەکان و ماقوڵانی عەشیرەکان کۆتایی پێهات. ئەو ئەم پرۆسەیە بە نیشانەیەک لە لاوازیی سەروەریی یاسا لە هەرێمدا دەزانێت.

باشول ڕەگی بەشێک لەم ناکۆکییانە بۆ ململانێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی وێستگەی کارەبای خەبات و پشکی عەشیرەکان لە دەرفەتەکانی کاری ئەو وێستگەیە دەگەڕێنێتەوە. بە بڕوای ئەو، دامەزراندنی هێزەکان لەسەر بنەمای لایەنگریی عەشیرەیی لە جیاتی پێوەرە پسپۆڕییەکان، نموونەیەکە لە دزەکردنی پێکهاتە نەریتییەکان بۆ ناو بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئابوورییەکانی هەرێم.

ناوبراو هەروەها ئاماژە بە ڕاگواستنی زۆرەملێی هەندێک گوند دەکات، لەوانە گوندی "لاجان"، وەک نیشانەیەک لە کاریگەریی ململانێ ناوخۆییەکان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان. لە هەمان کاتدا، باشول بە ڕەتکردنەوەی ئەو گێڕانەوانەی کە عەشیرەتی هەرکی بە گشتی وەک "سەر بە دەرەوە" دەناسێنن، جەخت دەکاتەوە کە ئەم عەشیرەیە لە عێراق، ئێران و تورکیا بڵاو بوونەتەوە و ئەندامەکانی خاوەنی ئاراستەی سیاسیی جیاوازن.

بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارە، لە کاتێکدا نەوەی گەنج، خوێندەوار و ئاشنا بە ستانداردەکانی حوکمرانیی مۆدێرن لە هەوڵی چاکسازیی پێکهاتە کارگێڕییەکانی هەرێمدان، بەڵام تۆڕە حزبی و عەشیرەیییەکان هێشتا ڕێگرن لە دروستبوونی شایستەسالاری و چاکسازیی دامەزراوەیی.

باشول لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی دەسەڵاتێک لەو شێوەیە لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەتوانێت سوود لە توانایە بەرچاوەکانی خۆی وەربگرێت، لەوانە سەرچاوە زەبەلاحەکانی نەوت و گاز، پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوا و چەتری ئەمنیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ دروستکردنی سیستمێکی حوکمرانیی مۆدێرن و بنەمادار لەسەر سەروەریی یاسا. بە بڕوای ئەو، تا ئەو کاتەی پێوەندییە عەشیرەیی و حزبییەکان زاڵ بن بەسەر دامەزراوە فەرمییەکاندا، هەرێمی کوردستان لە ڕێڕەوی گەشەپێدان و پاراستنی پێگە سیاسی و ستراتیژییەکەی خۆیدا، ڕووبەڕووی ئالەنگاریی جدی دەبێتەوە.

News ID 227554

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha