ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە نیگەرانکەرتر دەکات، ئەوەیە کە زۆرترین پەستانی هەڵاوسان نەک لەسەر کاڵا لوکسەکان، بەڵکوو کەوتووەتە سەر ئەو پێداویستییانەی کە کۆڵەکەی سەرەکیی سفرەی خێزانەکان پێکدەهێنن؛ لە نان و ڕۆنەوە بگرە تا میوە، قەند، شەکر و تەنانەت خواردنەوەکانی ڕۆژانە. لە پارێزگایەکدا کە هەمیشە بە ڕێژەی بەرزی بێکاری، داهاتی نزمتر لە مامناوەندی وڵات و زیانپۆیی (لاوازیی) ئابووری دەناسرێت، ڕەوتی لەم شێوەیە بە واتای پەستانێکی چەندبەرابەرە لەسەر بژێویی خەڵک.
چا، قاوە و خواردنەوەکان؛ کوردستان پێنجەمین پارێزگای گرانی وڵاتە
لە گرووپی چا، قاوە، کاکاو و خواردنەوەکاندا، پێوەرەری نرخ (شاخص قیمت) لە کوردستاندا گەیشتووەتە ٨٢٠.٥؛ لە کاتێکدا مامناوەندی وڵات ٧٧٤.٦ە. هەڵاوسانی ساڵانەی ئەم گرووپە لە وڵاتدا ٧٨٪ و لە کوردستاندا ٨٤.٢٪ تۆمار کراوە و پارێزگاکە لە پلەی پێنجەمی وڵاتدا جێگیر بووە.
رەنگە ئەم گرووپە لە نێو تێچووەکانی خێزاندا لە نیگای یەکەمەوە پشکێکی گەورەی نەبێت، بەڵام جیاوازییە بەرچاوەکەی لەگەڵ مامناوەندی وڵاتدا نیشانی دەدات کە تەنانەت کاڵا بەکاربەراییەکانی ڕۆژانەش لە کوردستاندا بە خێراییەکی زیاتر گران بوون؛ ئەمەش پرسیارگەلێکی جدی لەسەر کارایی تۆڕی دابەشکردن و چاودێریکردنی بازاڕ لە پارێزگاکەدا دروست دەکات.
قەند، شەکر و شیرەمەنی؛ گرانی دووبارە دەبێتەوە
دۆخی گرووپی قەند، شەکر و شیرەمەنیش جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە؛ پێوەرەری نرخ لە کوردستاندا گەیشتووەتە ٨٨٦.٤، لە کاتێکدا مامناوەندی وڵات ٧٦٥.٤ە. هەڵاوسانی ساڵانەی وڵات ٦٣٪ و لە کوردستاندا ٦٧.٤٪ تۆمار کراوە و دیسانەوە پارێزگاکە لە پلەی پێنجەمی وڵاتدایە.
بە زمانێکی سادە، خێزانێکی کوردستانی بۆ کڕینی هەر ئەم پێداویستییانە، بەراورد بە خێزانێکی مامناوەندی ئێرانی تێچوویەکی زیاتر دەدات؛ لە کاتێکدا ئاستی داهات و توانای ئابووریی خەڵکی پارێزگاکە، قەرەبووی ئەم بەرزبوونەوەیەی نەکردووەتەوە.
مێوە و وشکەبار؛ سێیەمین پارێزگای گرانی وڵات
لە گرووپی میوە و وشکەباردا، دۆخەکە تەنانەت نیگەرانکەرترە. هەڵاوسانی ساڵانەی وڵات ٤٣.٥٪ و لە کوردستاندا ٤٩.١٪ تۆمار کراوە و پارێزگاکە گەیشتووەتە پلەی سێیەمی وڵات.
میوە چیتر کاڵایەکی لوکس ئەژمار ناکرێت؛ بەڵکوو بەشێکە لە کەمترین ستانداردی خۆراکی تەندروست. زیادبوونی خێرای نرخی ئەم گرووپە، پێش هەر شتێک تەندروستیی خێزانە کەمداهاتەکان دەخاتە مەترسییەوە؛ ئەو خێزانانەی کە ناچارن بۆ بەڕێوەبردنی تێچووەکانیان، یەکەمین بژاردە لە سفرەکەیان حەزف بکەن.
ڕۆن و چەورییەکان؛ زەنگی مەترسی لە پلەی دووەمی وڵاتدا
رەنگە نیگەرانکەرترین بەشی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندی بە ڕۆن و چەورییەکانەوە هەبێت، کە پێوەرەری نرخی ئەم گرووپە لە وڵاتدا ١٩٤.٩ و لە کوردستاندا ٢٧٦.١ تۆمار کراوە. هەڵاوسانی ساڵانەی وڵات ١٤٤.١٪ و لە کوردستاندا ١٨٢.٩٪ بووە؛ بەم هۆیەشەوە کوردستان لە پلەی دووەمی وڵاتدا جێگیر بووە.
ڕۆن یەکێک لە سەرەکیترین کاڵا بەکاربەراییەکانی خێزانە و جیاوازییەکی لەم شێوەیە لەگەڵ مامناوەندی وڵاتدا نیشان دەدات کە پەستانی هەڵاوسان لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر بووە لە مامناوەندی ئێران. کاتێک جیاوازیی نێوان پێوەرەری پارێزگایی و نیشتمانی تا ئەم ئاستە زۆرە، چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی پارێزگاکە وەڵامدەرەوە بن لەسەر هۆکاری ئەم دۆخە و ئەو هەنگاوانەی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ ناویانە.
نان و دانەوێڵە؛ بژێوی سەرەکیی خەڵکیش لە وڵات گرانترە
هەرچەندە کوردستان لە گرووپی نان و دانەوێڵەدا لە پلەی یازدەهەمی وڵاتدایە، بەڵام ئەم پێگەیەش بە واتای دۆخێکی گونجاو نییە؛ هەڵاوسانی ساڵانەی وڵات ١٢٠.٧٪ و لە کوردستاندا ١٣١.٤٪ تۆمار کراوە. واتا تەنانەت لە سەرەکیترین کاڵای سفرەی خەڵکیشدا، زیادبوونی نرخ لە پارێزگاکەدا لە مامناوەندی وڵات زیاتر بووە.
ئەم ئامارە نیشان دەدات کە گرانی لە کوردستاندا تەنیا سنووردار نییە بە هەندێک کاڵای تایبەت، بەڵکوو پەڕیوەتەوە بۆ سەر قوت و بژێویی سەرەکیی خەڵکیش.
ماسی و سەدەفدارەکان؛ گرانی تەنانەت لەو کاڵایانەشدا کە کەم بەکار دێن
لە گرووپی ماسی و سەدەفدارانیشدا، هەڵاوسانی ساڵانەی وڵات ٦٢.٢٪ و کوردستان ٦٩.٥٪ تۆمار کراوە و پارێزگاکە لە پلەی شەشەمی وڵاتدا جێگیر بووە.
ئەگەرچی بەکارهێنانی ماسی لە کوردستاندا بەراورد بە پارێزگا کەناراوییەکان کەمترە، بەڵام ئەم کاڵایەش بە خێراییەکی زیاتر لە مامناوەندی وڵات گران بووە و نیشانی دەدات کە ڕەوتی زیادبوونی نرخ تا ڕادەیەک لە هەموو گرووپە خۆراکییەکاندا بەردەوامە.
دووبارەبوونەوەی ناوی کوردستان لە نێوان ئەو پارێزگایانەی کە زۆرترین هەڵاوسانی خۆراکیان هەیە، دەری دەخات ئەم دۆخە ڕووداوێکی کاتی یان بەرهەمی هەڵبەز و دابەزی کورتخایەن نییە؛ بەڵکوو نەخش و شێوازێکە کە لە چەندین گرووپی کاڵادا دووبارە بووەتەوە.
بەرپرسان چ وەڵامێکیان هەیە؟
ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران تەنیا ڕێژەی زیادبوونی نرخەکان تۆمار دەکەن و ناوبژیوان و دادوەر نین لەسەر هۆکارەکەی؛ بەڵام هەر ئەم ژمارانە پرسیاری گرنگ دەخەنە بەردەم بەڕێوەبەرانی ئابووریی پارێزگاکە.
بۆچی پارێزگایەک کە نە بەرهەمهێنەری سەرەکیی زۆربەی ئەم کاڵایانەیە و نە ئاستی داهاتی بەرزە، دەبێت لە زۆربەی گرووپە خۆراکییەکاندا لە ڕیزی پارێزگا پێشەنگەکانی گرانیدا بێت؟ پشکی لاوازیی چاودێریکردنی بازاڕ، تێچووی بەرزی گواستنەوە، ناچالاکیی تۆڕی دابەشکردن، ڕۆڵی دەڵاڵەکان (ناوبژیوانان) و نەبوونی سیاسەتی کاریگەری ڕێکخستنی بازاڕ لەم دۆخەدا چەندە؟ لەوەش گرنگتر، لە ماوەی مانگ و ساڵانی ڕابردوودا چ هەنگاوێکی کاریگەر نراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەودایە لەگەڵ مامناوەندی وڵاتدا؟
ڕاستی شتەکە ئەوەیە کە خەڵک، پلەکانی دووەم و سێیەم و پێنجەم نەک لە ڕاپۆرتە ئامارییەکاندا، بەڵکوو لە فرۆشگا و بازاڕەکانی ڕۆژانەدا هەست پێدەکەن. هەر یەک لە سەدی زیادبوونی هەڵاوسان بۆ خێزانێک کە بەشێکی زۆری داهاتی بۆ دابینکردنی خۆراک دەڕوات، بە واتای سڕینەوەی بەشێک لە سەبەتەی خۆراکی، دابەزینی کوالێتیی تغذیە (خۆراکپێدان) و قورستر بوونی ژیانە.
بەپێی داتاکانی فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران، کوردستان لە حوزەیرانی ١٤٠٥دا یەکێک لەو پارێزگایانە بووە کە زۆرترین پەستانی هەڵاوسانی لە کەرتی خۆراکدا هەبووە. ئامادەبوونی بەردەوامی پارێزگاکە لە پلەکانی دووەم، سێیەم، پێنجەم و شەشەمی وڵاتدا نیشان دەدات کە گرانی لە کوردستاندا حاڵەتێکی ناوازە یان هەڵبەز و دابەزێکی کورتخایەن نییە، بەڵکوو بووەتە ڕەوتێک کە شایەنی تێڕامانە.
ئەم ئامارە، پێش ئەوەی تەنیا ڕاپۆرتێکی ئابووری بێت، هۆشدارییەکە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری پارێزگاکە. ئەگەر بۆ چاکسازیی پێکهاتەی دابەشکردنی کاڵا، بەهێزکردنی بەرهەمهێنان، کۆنترۆڵکردنی دەڵاڵایەتی، زیادکردنی چاودێریی بازاڕ و بەهێزکردنی توانای کڕینی خێزانەکان بەرنامەیەکی کاریگەر دانەڕێژرێت و جێبەجێ نەکرێت، بەردەوامیی ئەم ڕەوتە دەتوانێت کەلێن و درزی بژێویی نێوان کوردستان و مامناوەندی وڵات قووڵتر بکاتەوە؛ درزێک کە تێچووەکەی نەک ئامارەکان، بەڵکوو خەڵکەکە خۆیان هەر ڕۆژ لەسەر سفرەکانیان دەیدەن.
ڕاپۆرت: سرووش حەبیبی ڕاد
Your Comment