بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سینان چیفتیورک، نوێنەری وان لە پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی)، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند کە حکوومەتی تورکیا تێڕوانینی خۆی بۆ پرسی کورد لەسەر بنەمای پێشهاتە ناوچەیییەکان ڕێکخستووە، و لەبەر ئەم هۆکارەش پرۆسەی پەسەندکردنی یاساکانی پەیوەست بەم قۆناغەی دواخستووە.
چیفتیورک لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بیلال بابات، پەیامنێری مەزۆپۆتامیا، ئاماژەی بە دەستپێکردنی پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» کرد دوای بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گوتی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تا ئێستا چەندین هەنگاوی کرداریی ناوە و ئێستا چاوەڕوان دەکرێت حکوومەت و دەسەڵاتدارانیش بە پەسەندکردنی یاسای پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیاریکراو، یارمەتی پێشخستنی ئەم پرۆسەیە بدەن.
چیفتیورک بە ئاماژەدان بە دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە لە لایەن حکوومەتەوە گوتی: «ئەم پرسیارە لە ئارادایە کە بۆچی حکوومەت و دەولەت باخچەلی بابەتی چارەسەرکردنی پرسەکەیان هێنایە پێشەوە و بۆچی داوای گفتوگۆیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد؛ چونکە ئەوان ڕووبەڕووی هەڕەشەی نوێ بوونەتەوە.» ئەو باسی لەوە کرد کە سیاسەتەکانی حکوومەت هەمیشە لەسەر بنەمای بارودۆخی کاتی و پێشهاتە ناوچەیییەکان بەرامبەر بە کورد شێوازی گرتووە.
نوێنەری دەم پارتی بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرە گوتی: «ناتۆ ئەرکێکی نوێی بۆ تورکیا لەبەرچاو گرتووە. بەپێی ئەم ئەرکە، تورکیا لە دەیەکانی داهاتوودا بەهۆی قەیرانی کەشوهەوا و ئەگەری کۆچی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن کەس لە ئەفریقاوە، دەبێتە بەربەستێک لە بەردەم ئەم شەپۆلی کۆچەدا و ڕۆڵی پێشەنگی ناتۆ دەگرێتە ئەستۆ.»
ئەو ڕایگەیاند کە حکوومەتی تورکیا لە بەرامبەر ئەم ڕۆڵەدا، چاوەڕوانە لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کە لە بابەتی دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورددا هیچ گوشارێک نەخەنە سەر ئەنقەرە.
چیفتیورک هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت، داڕشتنی «یاسای چوارچێوە»ی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەریی بە دوو مەرجەوە گرێداوە؛ یەکەم، پێشهاتەکانی کوردستانی سووریا و دووەم، بینینی کرداریی پرۆسەی داماڵینی چەک لە پەکەکە. بە گوتەی ئەو، حکوومەت بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەسەندکردنی ئەم یاسایانەی دواخستووە و ناوەڕۆکەکەشی لاواز کردووە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گوتەی یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی سەرۆککۆماری تورکیا کە گوتبووی «هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە، بەڵکو گفتوگۆ هەیە»، گوتیشی: «لە کۆتاییدا، پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسەکە بووەتە ئامرازێک بۆ ململانێی هەڵبژاردنەکان.»
نوێنەری دەم پارتی بە دەربڕینی ئەوەی کە حکوومەت لە سەرەتاوە وەک بابەتێک کە پێویستی بە چارەسەر بێت سەیری پرسی کوردی نەکردووە، گوتی گرنگترین چاوەڕوانیی ئەوان، نەهێشتنی لێکەوتە هەییەکانی ئەم پرسەیە.
ئەو داوای دابینکردنی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئازادکردنی زیندانیانی دۆسیەی کۆبانی، کۆتاییهێنان بە دامەزراندنی قەیووم (بەڕێوەبەرانی حکومی) لە شارەوانییەکاندا، گەڕاندنەوەی سەرۆک شارەوانییە لادراوەکان بۆ سەر کارەکانیان و بە فەرمی ناسینی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هێزەکانی ناو شاخی کرد.
چیفتیورک جەختی کردەوە کە حکوومەت تەنانەت لە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانەشدا بە وریاییەوە ڕەفتار دەکات و هاتووە تەنیا وەک بابەتێک بۆ بازاڕکردنی هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنێت.
ئەو لە کۆتاییدا گوتی: «لە ساڵی ١٩٢١ و ڕووداوی کۆچگیرییەوە تا ئەمڕۆ، سیاسەتە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە پرسەکە چارەسەر بکەن و نە کۆتایی پێ بهێنن؛ بەڵکو زیاتر بەرفراوانیان کردووە. پرسێک کە لە ماوەی دوو سەدەدا بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و ڕەتکردنەوە چارەسەر نەبووبێت، بە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتانەش چارەسەر نابێت.»
نوێنەری وان هەروەها جەختی کردەوە کە داواکاری سەرەکیی کورد، بە فەرمی ناسینی ناسنامە و پێگەی سیاسییانە و گوتیشی پارت و ڕەوتە سیاسییەکانی کورد دەبێت بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەش، حکوومەت بەرەو ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی ئاڕاستە بکەن.
Your Comment