بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وۆرکشۆپێکی پسپۆڕی لە زانکۆی ئازادی برۆکسل بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە توێژەرانی پرسی کورد، تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکە و چەمکی نوێی «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» لە هزری عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، هاوتەریب لەگەڵ شیکردنەوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی تورکیا و سووریا، گفتوگۆیان لەسەر ئەم پرسیارە کرد کە ئایا «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» تاکتیکێکە بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی بزووتنەوەی کورد، یان بەشێکە لە ستراتیژی درێژخایەنی ئۆجەلان بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک.
ئەم باسانە لە وتارێکدا بە ناونیشانی «تێکەڵبوونی دیموکراتیک یان لەناوچوون؟» بڵاوکراونەتەوە. وتارەکە لەسەر بنەمای وۆرکشۆپێک بە ناونیشانی «پرۆسەیەکی بێناو؛ جەنگ، دانوستان و ئاشتی لە کوردستان» ئامادەکراوە، کە لە ڕۆژانی ۸ و ۹ی حوزەیراندا بە دەستپێشخەری «یان یاسین سونجا» و «یوست یونگردن» لە زانکۆی ئازادی برۆکسل بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم وتارە، توێژەران پێیان وایە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە. بە بڕوای ئەوان، گۆڕانی هاوسەنگی سەربازی بە قازانجی حکوومەتی تورکیا، بەرفراوانبوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بەتایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، گوشارە پەرەسەندووەکان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە، شێوازی کلاسیکی خەباتی چەکداریی ڕووبەڕووی تەحەدایەکی جدی کردووەتەوە.
ئەوان ئیستدلال دەکەن کە ئۆجەلان پرۆسەی ئاشتی تەنیا وەک ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نابینێت، بەڵکو پێش هەر شتێک وەک ستراتیژێک بۆ پاراستنی بوونی کۆمەڵگەی کورد سەیر دەکات. لە ڕوانگەی بەشداربووانەوە، لە بارودۆخێکدا کە حکوومەتەکان قۆرخی تەکنەلۆژیای نوێی جەنگیان کردووە و ئۆپەراسیۆنەکان دژی هێزە گەریلاییەکان بە وردی و تێچووی کەمتر ئەنجام دەدرێن، بەردەوامبوونی پێکدادانی سەربازی دەکرێت ببێتە هۆی توندبوونی توندوتیژی و تەنانەت لەناوچوونی بزووتنەوەی کوردی.
یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو ئەم وتارە، هۆشداریدانی ئۆجەلانە لە مەترسی «غەزەییبوون»ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نووسەران دەڵێن ئۆجەلان لەوە دەترسێت کە کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناوچەکە، لەوانەش کورد، بکەونە بەر جەنگی وێرانکەر و تەنانەت لەناوچوونی بەکۆمەڵ. لەبەر ئەوە، هەوڵدان بۆ کردنەوەی ڕێگەی دانوستان و کەمکردنەوەی گرژییەکان بە پێشمەرجی پاراستنی بوونی کۆمەڵگەی کورد دەزانێت.
وتارەکە هەروەها باس لە پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوای ڕێککەوتنی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، گوشارەکان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاوێژەکانی ئۆجەلان ڕۆڵی هەبووە لە دروستبوونی ڕێککەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشقدا و ڕێگری کردووە لە لەناوچوونی تەواوەتی پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر؛ هەرچەندە بەشێکی گرنگ لە دەستکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژاوا سنووردار کراون.
لە بەشێکی تریدا، شیکردنەوە بۆ چەمکی «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە نابێت ئەم چەمکە لەگەڵ «هاوشێوەکردن» یان «ئاسیمیلاسیۆن» تێکەڵ بکرێت. لە ڕوانگەی ئۆجەلانەوە، تێکەڵاوبوون بە مانای نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەشداریکردنی یەکسانی هەموو گروپە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی سنوورە قبوڵکراوەکاندا، پاراستنی مافە کولتووری و سیاسییەکان و گەشەپێدانی دامەزراوە گەلەیییەکان استوارە.
بە بڕوای نووسەران، سیفەتی «دیموکراتیک» لەم تیۆرییەدا گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. ئۆجەلان بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەنجومەنەکان، کۆمۆنەکان، کۆمەڵە ناوخۆییەکان و شارەوانییە دیموکراتییەکان پێناسە دەکات و پێی وایە دەسەڵاتی سیاسی دەبێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە ڕێکبخرێت، نەک لە ڕێگەی چڕبوونەوە لە دەوڵەتدا. لەم چوارچێوەیەدا، «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» بەشێکە لە پڕۆژە بەرفراوانەکەی ئەو بۆ بەدیهێنانی «کۆماری دیموکراتیک» و «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک».
توێژەرانی ئەم کۆڕبەندە، لە هەمان کاتدا ئەدای بزووتنەوەی کورد لە سووریاش بێ ڕەخنە بەجێ ناهێڵن. ئەوان پێیان وایە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، سەرەڕای دەستکەوتە گرنگەکانی، لە هەندێک بواردا نەیتوانیوە بەشداریکردنی گەل و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بەپێی پێویست بەرفراوان بکات، و ئێستا پێویستە بزووتنەوەی کورد زیاتر لە ڕابردوو سەرنج بخاتە سەر بەهێزکردنی هۆشیاری سیاسی و دامەزراوە گەلەیییەکان.
ئەم ڕوانگانە ڕووبەڕووی کاردانەوەی دوو لە توێژەرانی ئامادەبووی وۆرکشۆپەکە بووەوە. «یان یاسین سونجا» پێی وایە کە «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» نابێت تەنیا وەک تاکتیکێکی سیاسی سەیر بکرێت، بەڵکو ئەم چەمکە بەردەوامییەکی لۆژیکیی گۆڕانی هزری ئۆجەلانە لە «کۆماری دیموکراتیک» و «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک»ەوە بۆ قۆناغێکی نوێ. بە گوتەی ئەو، ڕێگریکردن لە لەناوچوونی کۆمەڵگەی کورد ئامانجێکی سەربەخۆ و بنەڕەتییە و ناتوانرێت تەنیا وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی تاکتیکێکی سیاسی سەیر بکرێت.
«یوست یونگردن»یش بە جەختکردنەوە لەسەر پێشینەی مێژوویی ئەم ڕێبازە، ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە هەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی تەنیا سنووردار نییە بە پێشهاتەکانی ئەم دواییە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە پەکەکە لە دەیەی ۱۹۹۰وە چەندین جار ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، شاندی ئاشتی ڕەوانە کردووە و هەمیشە کۆشیشی کردووە کە کەشوهەوای پێویست بۆ سیاسەتکردنی یاسایی بڕەخسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» دوا زنجیرەی ڕێڕەوێکی فکری و سیاسی چەند دەیە پێشووە، نەک تەنیا کاردانەوەیەک بۆ دۆخی ئێستا.
«جیهاد حەمی» و «تۆماس جەفری مایلی»، نووسەرانی وتارەکە لە وەڵامی کۆتایی خۆیاندا جەختیان کردەوە کە جیاوازی نێوان ئەوان و ڕەخنەگران زیاتر لەوەی جەوهەری بێت، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لە پێناسەکردنی «تاکتیک» و «ستراتیژ». ئەوان ڕوونیان کردەوە کە «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» هاوکات دوو ئامانج دەپێکێت؛ لە لایەکەوە ڕێگریکردن لە لەناوچوونی کۆمەڵگەی کورد و لە لایەکی تریشەوە، ڕەخساندنی زەمینە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و خۆڕێکخراو لە چوارچێوەی دەوڵەتە هەمیشەیییەکاندا.
لە کۆتایی کورتەی ئەم گفتوگۆیەدا، بەشداربووان هاوڕان بوون لەسەر ئەو خاڵەی کە داهاتووی پرۆسەی ئاشتی زیاتر لە هەر شتێک بەندە بە ئاستی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگە، بەرفراوانبوونی دامەزراوە گەلەیییەکان و توانای بزووتنەوەی کورد لە گواستنەوەی خەبات لە کایەی سەربازییەوە بۆ کایەی سیاسی؛ ڕێڕەوێک کە بە بڕوای ئەوان، گرنگترین تەحەدا و لە هەمان کاتدا گرنگترین دەرفەت دەبێت لەبەردەم بزووتنەوەی کورد لە ساڵانی داهاتوودا.
Your Comment