توێژەرانی بەشدار لە کۆڕبەندی زانکۆی ئازادی برۆکسل پێیان وابوو کە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و کورد، بەندە بە گواستنەوەی خەبات لە کایەی سەربازییەوە بۆ کایەی سیاسی و بەهێزکردنی دامەزراوە گەلەیییەکان، هەرچەندە لەسەر چۆنیەتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە جیاوازیی بۆچوون هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای بانگەوازە مێژووییەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایی شەڕی چەکداری، ئێستا چەمکێکی نوێی بە ناوی «تێکەڵبوونی دیموکراتیک» خستووەتە چەقی پڕۆژە سیاسییەکەیەوە. بە گوتەی ئەو، ئەم چەمکە بە واتای خۆبەدەستەوەدان بە دەوڵەتی تورکیا نایەت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بنیادنانی جۆرە سیاسەتێک کە تێپەڕین بێت لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە، توندوتیژی و نەتەوەپەرستی.