ڕۆیشتنی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بەردەوام دەبێت

وەزیری وزەی تورکیا، ئەلپ ئەرسەلان بەیرەقدار ڕایگەیاند کە تورکیا و عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتننامەیەک سەبارەت بە هێڵی بۆریی نەوتی خاوی نێوانیان واژۆ دەکەن کە قۆناغی ۱۲ مانگی داهاتوو دەگرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارە لە ۲۷ی تەممووزدا وادەی کارپێکردنی ڕێککەوتننامەی پێشووی هێڵەکە کۆتایی پێبێت کە بۆ ماوەی چەندین دەیە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە ڕێکدەخست.

بەیرەقدار لەمیانی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و رۆیشتنی  سەرجەم نەوتی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بەردەوام دەبێت.

ئەم هێڵی بۆرییە پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە کارکەوتبوو دوای ئەوەی دادگایەک تورکیای پابەند کرد بە پێدانی ۱.۵ ملیار دۆلار وەک قەرەبووی وەرگرتنی نەوتی عێراق بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی فیدراڵی لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۴ بۆ ۲۰۱۸، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەیەوە دەستی پێکردووەتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەیرەقدار لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق باسم محەمەد و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کۆ بووەوە.

News ID 227540

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha