بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قەرەسوو لە سەرەتای قسەکانیدا لەو دیمانەیەدا ڕایگەیاند کە پرسی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیک کێشەیەکی جەوهەرییە و ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئازادی و داهاتووی گەلی کوردەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی کوردی هەمیشە هەموو هەنگاوێکی پێویستی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ ناوە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم بابەتە تەنها بۆ خەڵەتاندنی ڕای گشتی یان وەک ئامرازێکی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت.
قەرەسوو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کاتێکدا لە ڕێگەی میدیاکانەوە باس لە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی یاسایی و ناردنی بۆ پەرلەمان دەکرێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژە هیچ جۆرە دیدار و دانوستانێکی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە، و تەنانەت پارتە کوردییەکانی ناو پەرلەمانیش ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەو یاسایانە نین.
لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر شاشەی مەدیا خەبەر تیڤی، قەرەسوو ڕەخنەی توندی لە عەقڵییەتی دەسەڵاتی تورکیا گرت و گوتی، لۆجیکی "ئەوەی دێت با بێت و ئەوەی نایەت با نەیەت" یان تەماشاکردنی کێشەکە تەنها لە گۆشەنیگایەکی ئەمنییەوە کە داوای چەکدانان و تەسلیمبوون دەکات، هەرگیز چارەسەری بەرهەم ناهێنێت.
ئەو جەختی کردەوە کە پرسی کورد کێشەیەکی نەتەوەیی و مێژوویی قووڵە، نەک کێشەیەکی ئەمنی سادە کە بتوانرێت بە بڕیاری تاکڕەوانە و یەک لایەنە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵکو پێویستی بە پاڵپشتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی جیدی لایەنە سیاسییەکان هەیە.
سەبارەت بە جموجۆڵە نێودەوڵەتییەکانی ئەنقەرە، قەرەسوو لەم چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت بڕیارە ناوخۆییەکان ببەستێتەوە بە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان و کۆبوونەوەکانی ناتۆوە؛ بە بڕوای ئەو، ئەم جووڵانە بۆ ئەوەیە کە بزانن ئایا پاڵپشتییەکی سەربازی و سیاسی نوێ لە دەرەوە بەدەست دەهێنن بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ یان نا.
ناوبراو هۆشداریی دا کە ناتۆ وەک ڕێکخراوێکی سەربازی هەمیشە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، و تورکیاش دەیەوێت گڵۆپی سەوز بۆ درێژەدان بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد وەربگرێت، بەڵام دووپاتی کردەوە کە دۆخی ئێستای ناوچەکە گۆڕاوە و کورد چیتر هێزێکی بێدەسەڵات نییە کە لە پێناو ڕێککەوتنە دەرەکییەکاندا بکرێتە قوربانی.
قەرەسوو بۆ سەلماندنی نیەتی ڕاستەقینەی لایەنی کوردی، باسی لەوە کرد کە پێشتر هەنگاوی زۆر مەزن و ستراتیژی نراون، لەوانەش کشانەوەی هێزەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و تەنانەت سووتاندنی چەکەکان لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانانەوە، کە ئامانج لێی نیشاندانی بڕیاری جێگیر بوو بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی خەبات بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک.
بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە دەوڵەتی تورک لە جیاتی وەڵامێکی ئەرێنی یان دەرکردنی یاسای ڕێگەخۆشکەر، بێدەنگی و بێوەڵامیی هەڵبژارد، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی قووڵ لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا.
سەبارەت بە مەرجەکانی یاسایەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری، قەرەسوو لە ڕێگەی مەدیا خەبەر تیڤییەوە ڕوونیکردەوە کە دەبێت سەرەتا زەمینەیەکی ئازاد بۆ سیاسەتی دیموکراتیک بخوڵقێنرێت و کۆتایی بە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییە کوردییەکان و دانانی قەیومەکان بهێنرێت. ئەو گوتی پێویستە یاسای ئیدارە خۆجێییەکان بە شێوازێک هەموار بکرێت کە ڕێگا بە گەل بدات خۆی خۆی بەڕێوە ببات، و هاوکت پێویستە ڕێبەرایەتیی سیاسیی کورد لە هەلومەرجێکی تەواو ئازاددا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ڕای گشتی قسە بکات.
لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، قەرەسوو جەختی کردەوە کە ناسنامەی کورد لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە بە فەرمی بناسرێت و کۆتایی بەو زیهنیەتە بهێنرێت کە تەنها لە کاتی پێویستدا کورد بە خوشک و برا ناودەبات، بەڵام لە ناو دەستووردا هیچ مافێکی پێ ڕەوا نابینێت.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، قەرەسوو تتیشکی خستە سەر جووڵە دیپلۆماسی و ئەمنییە توندەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا لە ئاستی ناوچەکەدا و گوتی، ئەم جموجۆڵانە زیاتر وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕ و سازدانی هاوپەیمانی دژ بە کورد لێکدەدرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر سبەینێ کورد یاسایەکی ڕواڵەتی و سەپێنەری قبوڵ نەدەکرد، وەک لایەنی دژە ئاشتی تاوانبار بکرێت و هێرشی بکرێتەسەر.
ناوبراو وتەکانی لە مەدیا خەبەر تیڤی بەوە کۆتایی پێهێنا کە ئیرادەی ئێستای کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بەستراوەتەوە بە مێژوویەکی دوورودرێژ لە بەرخۆدان، بە تایبەت بەرخۆدانی مێژوویی زیندانی ئامەد، کە تێیدا ڕێگەیان لە سیاسەتی قڕکردنی کەلتووری گرت؛ هەر بۆیە بە سەپاندنی لۆجیکی هێز، ئیرادەی کورد ناچەمێتەوە و دەبێت داواکارییەکانیان بە فەرمی جێبەجێ بکرێت.
Your Comment