بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ١ ی حوزەیران بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای خۆی لە دەباشان، پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کرد.
سەرۆکی یەکێتی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردۆتەوە" لە دیدارێکدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا."
وەک لە هەژماری بافڵ تاڵەبانی بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەی ئاشتی خراوەتە بەر باس و سەرۆکی یەکێتی جارێکی دیکە پشتیوانیی حزبەکەی بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوە " مێژووییە دووپاتکردۆتەوە".
هەروەها جەختی کردۆتەوە کە یەکێتی لەسەر رێبازی جەلال تاڵەبانی درێژە بە هەوڵەکانیان دەدات تاوەکو ئەو هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت و، وتوویەتی" بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت".
" لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە".( لە هەژماری سەرۆکی یەکێتیدا بەو شێوەیە هاتووە ).
لەدوای کۆچکردنی تاڵەبانی باوکەوە ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی حکوومەتی تورکیا لەو ئاستەدا بە ئاشکرا سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ یەکێتی کۆ بێتەوە.
Your Comment