بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: «کوردستانی عێراق قەڵای ئازادی و دیموکراسییە لە عێراقدا و پەناگەی هەموو ئەو عێراقییە ئازادیخواز، ستەملێکراوان و کەسانەیە کە بەدەست پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە دەناڵێنن.»
ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە: «بەڵام هەرگیز نابێتە حەشارگەیەک بۆ تاوانباران، گەندەڵکاران و ئەوانەی سامانی گشتی دەدزن.»
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە لەم ڕۆژانەی دواییدا عێراق شاهیدی بەرفراوانبوونی پرۆسەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەیان کەس لەوانە ئەندامانی پەرلەمان، بەرپرسانی حکوومی و سەرمایەداران لە پارێزگا جیاجیاکاندا دەستگیرکراون و دەزگا ئەمنی و چاودێرییەکانی عێراق بەردەوامن لە ڕاوەدووڕان و بەدواداچوونی دۆسیەکانی گەندەڵی. هەروەها هەواڵی دەستبەسەرکردنی چەند بەرپرسێکی خۆجێیی و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان لە پارێزگا جیاوازەکانی وەک بەغدا، بەسرە و کەرکووک بڵاوکراونەتەوە.
Your Comment