بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لهۆنی لە ڕێوڕەسمی پەردەلابادان لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان، ئەم هەنگاوەی بە دەستپێکی فەرمی چالاکییەکانی ئەم ناوچەیە دانا و وتی:
"پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل ئامانجی کۆتایی ناوچەی ئازاد نییە، بەڵکو نیشانەی دەستپێکردنی جووڵەیە لە پێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی پارێزگاکە. ئەگەر تواناکانی ئەم ناوچەیە تەنیا لە تابلۆی ئۆتۆمبێلدا کورت بکەینەوە، غەدرمان لێ کردووە، چونکە ئامانجی سەرەکی زیادکردنی وەبەرهێنان، گەشەپێدانی هەناردەکردن و ڕەخساندنی هەلی کارە."
پارێزگاری کوردستان ڕوونیکردەوە، هەرچەندە بەپێی یاسا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل تەنیا بۆ چالاکوانانی ئابووری ناو سنووری ناوچەی ئازاد ڕێگەپێدراوە، بەڵام بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی حکوومەت پێی داوە، مۆڵەتی هاتوچۆی ئەم ئۆتۆمبێلانە لە تەواوی پارێزگای کوردستاندا دەدرێت. هەروەها وتیشی کە لە قۆناغی داهاتوودا ڕێککەوتن لەگەڵ پارێزگارانی هاوسێش دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە پارێزگاکانی تری ڕۆژاوای ئێرانیشدا هاتوچۆ بکەن.
لهۆنی ئاماژەی بە سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆک کۆمار مەسعوود پزیشکیان بۆ کوردستان کرد و وتی کە بەهۆی بەدەمەوەچوونی سەرۆک کۆمارەوە، پڕۆسەی ڕێگەپێدانی بەندەری وشکی سنە خێرا کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا مۆڵەتی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، پارێزگار باسی لە پڕۆژە گەشەپێدانەکانی کەرتی گەشتیاری کرد و ڕایگەیاند کە پڕۆژەیەکی گەورە لە دەروازەی شاری سنە بە درێژایی ٦.٣ کیلۆمەتر و بە بودجەی هەزار و ٤٥٠ ملیۆن تمەن لە حاڵی جێبەجێکردندایە. هەروەها داوای لە سەرجەم فەرماندار و شارەوانەکان کرد کە تا کۆتایی تەمەنی حکومەتی چوارەم، لانی کەم یەک پڕۆژەی دیاری گەشتیاری لە شارەکانیاندا جێبەجێ بکەن.
هاوکات ڕایگەیاند کە زەوییەک بە ڕووبەری ٧٠ بۆ ٨٠ هێکتار بۆ دروستکردنی "شارۆچکەی تەندروستی" لە سنە تەرخانکراوە، کە دوای ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، دەبێتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی گەشتیاریی پزیشکی لە ڕۆژاوای وڵاتدا.
لە کۆتاییدا، ئارش لەهۆنی ئاماژەی بە ڕێژەی بێکاری کرد و وتی: "سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی بێکاری بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام هێشتا ڕازی نین و کەمکردنەوەی بێکاری لە ئەولەویەتی سەرەکی مودیرییەتی پارێزگاکەدایە." داواشی لە سەرجەم بەڕێوبەران و دامەزراوەکان کرد کە هاوکاری تەواوی ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان بن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری زیاتر و باشکردنی بژێوی ژیانی خەڵک.
Your Comment