شکاندنی شکۆی پەرلەمان
لەسەرەتای دروستبونی پەرلەمانی کوردستانەوە چەندجارێک دەرگاکەی قوفڵ کراوە، کەی ویسترابێ شکۆی شکێندراوە و وەک دیوەخانێک حسابی بۆ کراوە کە ئاغایەک سەرۆکی بێت نەک دامەزراوەیەک کە هی حکوومەت بێت و خەڵک خۆی بە خاوەنی بزانێت. پارتی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بە درێژایی چەندین ساڵ هەوڵی بێ کاریگەر کردنی پەڕلەمانی داوە، لەپاڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بە تەنها ئەم لایەن و ئەو لایەن ببینێت و ڕازییان بکات بۆ دروستکردنی کۆدەنگیەک کە خۆی بەرنامەکەی داڕشتووە یانیش لە سەروی پەرلەمانەوە هەوڵی داوە بۆ دروستکردنی (ئەنجومەنی سیاسی حیزبەکان), دۆخی ئێستا ئەوەمان پێدەڵێت هەردوک جۆری هەوڵەکانی پارتی ئەنجامی بەدەست نەهێنا و تەواوی ئەو سامانەی بۆ ئەو هەوڵانە خەرجیکرد بە فیڕۆچو، لە ڕاستیدا ئەوەی پارتی تێیدا سەرکەوتوو بوو بێ بەها کردنی دامەزراوەی پەرلەمان بوو ئەوەتا ئەمڕۆ ئەو بێ بەها کردنەش بە زیانی خۆی تەواو بو.
بەپێی ڕووداوە سیاسییەکان، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سێ قۆناغدا وەک بارمتەگیراوەو دەرگاکەی قوفڵ کراوە و تەنیا بۆ هەندێک کاری ئاسایی کراوەتەوە.
قۆناعی یەکەم: شەڕی نەگریسی ناوخۆ (١٩٩٤–١٩٩٨)
لە ٤ی مانگی ٥ی ١٩٩٤ دا دەرگای پەرلەمان قوفڵکرا و لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٨ دوای نزیکەی چوار ساڵ بە (ڕێککەوتنی
واشنتۆن) دەرگاکەی کرایەوە!
قۆناغی دووەم: قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ – ١١ی ئەیلولی ٢٠١٨) ئەمەش دوای ڕیگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات (یوسف محمد). لەم قۆناغەدا پارتی نەیدەویست کێشەکان لە پەرلەمانەوە چارەسەر بکات، بەجۆرێکی دیکە پەرلەمانی لەو ئاستەدا نەدەبینی کە خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم تیایدا بەشداربێت، واتە شەخسی مەسعود بارزانی لە خودی پەرلەمان بە گەورەتر تەماشا دەکرا.
قۆناغی سێیەم: دوای کۆتایی خولی پێنجەم
(لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ – ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) واتە نزیکەی دووساڵ پەرلەمان لەکار خرا.
گێڕانەوەی شکۆی پەرلەمان
لە دوای چەندین جار لە داخستن و کردنەوەی پەرلەمان کە تیایدا بەتەواوی شکۆی پەرلەمان شکێندرا و هیچ پیرۆزییەکی بۆ نەهێڵدرا، ئێستا پارتی دەیەوێت باسی شکۆی پەرلەمان بکات و دەڵێن با پەرلەمان بکەینە سەکۆی چارەسەری کێشەکانمان!
ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە دەبینین ئەو داواکارییەی کە ئێستا پارتی دەیکات کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا هەمان شتی داواکرد کە پەرلەمان بکەنە سەکۆی چارەسەری کێشەکان، بەڵام پارتی زۆر بێباکانە دەستی کرد بە گیرفانیدا و قوفڵی دەرگاکەی کلیل کرد و هاوڵاتیانی لە گۆڕانکاری لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بێ ئومێد و ڕەشبین کرد.
لە ڕابردوودا ئەوەندە زوڵم لە پەرلەمان کراوە و شکۆی شکێندراوە، هەر بۆیە ئێستا بە ئاسانی ناتوانرێ شکۆی بۆ بگێڕدرێتەوەو شکۆی پەرلەمان لە خودی پارتیش ون بوە. لە ئێستادا قوفڵەکەی پەرلەمان ژەنگی کردوە، تاوەکوو ژەنگی ئەو قوفڵەش پاک نەکرێتەوە ئەستەمە کلیلەکەی بتوانێ بیکاتەوە!
Your Comment