ئەردۆغان: هیچ کەسێک لە تورکیادا هاووڵاتیی پلە دوو نییە

سەرۆککۆماری تورکیا بە ڕاگەیاندنی ئامادەییی حکوومەت و هاوپەیمانیی کۆمار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"ی بە پڕۆژەیەکی سەر بە سەرجەم هاووڵاتیان دانا و جەختی کردەوە کە هیچ هاووڵاتییەک لەم وڵاتەدا بە "میوان"، "بێگانە" یان "هاووڵاتیی پلە دوو" ئەژمار ناکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە سی و سێیەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ساپانجا، ئامادەییی حکومەت و هاوپەیمانیی کۆماری بۆ گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ سەرجەم ڕەوتە سیاسییەکان لەسەر بابەتە نیشتمانییەکان ڕاگەیاند و گوتی: نابێت جیاوازیی بیروڕای سیاسی ببێتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی کۆدەنگی لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵات.

ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی بڵاوی کردەوە ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەو بابەتانەی کە لە ڕوانگەی حکوومەتەوە پێویستیان بە ڕێککەوتنی نیشتمانی هەیە، گوتی: "وەک پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانیی کۆمار، لە بابەتەکانی وەک پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر'، سیاسەتی دەرەوە، ئەمنییەت و گەشەپێدانی ماف و ئازادییەکاندا، ئامادەین لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بگەینە ڕێککەوتن و مەودای ئەم هاوبەشییانە فراوانتر بکەین."

ئەو جەختی کردەوە کە لە سیستمێکی دیموکراتیکدا، مەرج نییە سەرجەم پارت و ڕەوتەکان لەسەر هەموو پرسەکان تێڕوانینی هاوشێوەیان هەبێت، بەڵام لەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە داهاتووی وڵات و بەرژەوەندیی نەتەوەوە هەیە، دەبێت کولتووری گفتوگۆ، دانوستان و لێکتێگەیشتن جێگەی ڕووبەڕووبوونەوە بگرێتەوە. ئەردۆغان زانیاریی زیاتری دا و گوتی: "ئەم کارە نە بۆ بەرژەوەندیی حزبی یان سیاسی، بەڵکو وەک ئەرکێکی نیشتمانی و لە پێناو داهاتووی وڵاتدا ئەنجام دەدەین."

سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها پرۆسەی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر"ی وەک "پڕۆژەیەکی نیشتمانی" پێناسە کرد و گوتی ئەم پرۆسەیە نە بۆ قازانجی ڕەوتێکی سیاسی یان گرووپێکی دیاریکراوە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتیانی تورکیادایە. ئەو ڕایگەیاند: "کاتێک بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر هەوڵ دەدەین، ئەم کارە بۆ بەرژەوەندیی توێژێک یان ناوچەیەک ناکەین؛ بەڵکو بۆ وڵات، دەوڵەت، نەتەوە و داهاتووی سەرجەم منداڵانی ئەم خاکە دەکەین. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، سەرکەوتنی سەرجەم ٨٦ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا دەبێت."

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەسەر بنەمای یەکسانیی هاووڵاتیان کردەوە و گوتی هیچ کەسێک کە ڕەگەزنامەی کۆماری تورکیای هەبێت، لەم وڵاتەدا وەک "میوان"، "کرێچی"، "پەنابەر"، "ئەویدی" یان "هاووڵاتیی پلە دوو" سەیر ناکرێت.

ئەو ڕوونی کردەوە: "هەر هاووڵاتییەکی کۆماری تورکیا، بێگوێدانە ئەوەی لە کام ناوچەدا دەژیت، باپیرانی لە کوێوە هاتوون، مەزهەب، نەتەوە، مەیلی سیاسی یان شێوازی ژیانی چییە، بە هەمان ئەندازە خاوەنی ئەم وڵاتە، ئەم خاکە و ئەم دەوڵەتەیە. ئەم دەوڵەتە سەر بە نەتەوەیەک، چینێک، گرووپێک یان بیرکردنەوەیەکی تایبەت نییە؛ دەوڵەتی سەرجەم ٨٦ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیایە و هەموویان بە یەک ئەندازە خاوەنی ئەم وڵاتەن."

ئەردۆغان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی گوتی: نابێت جیاوازییە نەتەوەیی، مەزهەبی، کولتووری، سیاسی و فکرییەکان بگۆڕدرێن بۆ دوژمنکاری و درز و کەلێنی کۆمەڵایەتی. ناوبراو زیادی کرد: "مایەی پێشبینییە کە لە شێوازی ژیان، باوەڕ، ڕێگەکان، تێڕوانینە سیاسییەکان و تەنانەت لەو ڕێگەچارانەی پێشنیاریان دەکەین جیاوازیمان هەبێت، بەڵام هەموومان لە ژێر یەک ئاڵا، لەسەر یەک خاک و بە چارەنووسێکی هاوبەشەوە دەژین. نابێت جیاوازییە سیاسییەکان بمانکەنە دوژمنی یەکدی و جیاوازیی تێڕوانینەکانیش نابێت یەکێتیی نیشتمانی و برایەتیی نێوان هاووڵاتیان لەناو ببات."

News ID 227440

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha