بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر چەلیک، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و وتەبێژی ئەم پارتە، لە پەراوێزی کەمپی ڕێکخستنی پارتەکەیدا لە ساپانجا، بە ئاماژەدان بە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕایگەیاند کە ئەم پرۆسەیە چووەتە قۆناغێکی نوێ.
چەلیک بە بانگهێشتکردنی سەرجەم ڕەوتە سیاسییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسەیە، گوتی: "لە قۆناغی نوێدا، داوا لە هەمووان دەکەین بە ڕوانگەیەکی ئەرێنییەوە پاڵپشتی لەم پرۆسەیە بکەن، ئەگەر ڕەخنەیەکیانیش هەیە، بە شێوازێکی بونیادنەرانە بیخەنە ڕوو. ئەم بابەتە بۆ تەواوی تورکیا گرنگە و پرسێکی نیشتمانییە."
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە، زیادی کرد کە دەبێت لە کورتترین ماوەی گونجاودا، ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەکان بخرێنە کارنامەی پەرلەمانەوە، لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێن.
وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان هەروەها گوتی: نزیکبوونەوە لەم پرۆسەیە بە "بوختان و چەواشەکاری" ڕوانگەیەکی توندڕەوانەیە، لە بەرامبەردا، ئەو پاڵپشتیانەش کە دەبنە هۆی دوورخستنەوەی پرۆسەکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی، چاوەڕوان نەکراوە یارمەتیی پێشخستنی ئەم ڕێڕەوە بدەن.
چەلیک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پێشهاتە ناوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرد و گوتی: "پارتی گەلی کۆماری دەبێت کێشە ناوخۆییەکانی لە ناو خۆیدا چارەسەر بکات. ئێمە پێشتر ڕکابەریمان لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵودا کردووە و دوای ئەویش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئۆزگوور ئۆزێلدا ڕووبەڕوو بووینەتەوە. لە ڕوانگەی ئێمەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەم دووانەدا نییە."
Your Comment