گردبوونەوەی نەیارانی ناتۆ لە چەند شارێکی تورکیا؛ لە ناتۆ بچنە دەرەوە

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە، هاوپەیمانیی "نا بۆ ناتۆ" بە سازدانی چەند گردبوونەوەیەک لە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر، داوای چوونەدەرەوەی تورکیای لە ناتۆ، داخستنی بنکەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی دۆسیەکانی ئەم دواییانەی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپەیمانیی "نا بۆ ناتۆ" لە لێواری بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی تەممووزدا لە ئەنقەرە، چەند گردبوونەوەیەکی هاوکاتی لە شارەکانی ئەنقەرە، ئەستەمبوڵ و ئیزمیر بەڕێوە برد.

لە گردبوونەوەکەی ئەستەمبوڵدا کە بە ئامادەبوونی پارت و ڕێکخراوە چەپ، سۆسیالیست و مەدەنییەکان، لەوانە پارتی چەپ (SOL)، پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، پارتی چەپی سەوز، پارتی ڕەنجدەران (EMEP)، کۆمەڵەی پێکهاتەکان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران دروشمی وەک "دەبێت ناتۆ لە تورکیا بچێتە دەرەوە"، "بنکەکانی ناتۆ دابخرێن" و "دەبێت ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەرەوە"یان بەرز کردەوە.

لەو بەیاننامەیەی کە بە نوێنەرایەتیی هاوپەیمانێتییەکە خوێندرایەوە، ناتۆ وەک "ڕێکخراوی شەڕانگێزی ئیمپریالیزم" پێناسە کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە ناساندنی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە وەک "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ تورکیا، جێگەی قبووڵکردن نییە. خۆپیشاندەران بە ڕەخنەگرتن لە دەستبەسەرکردنەکان و ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی پێش دەستپێکردنی لووتکەکە، ڕایانگەیاند کە ئەنقەرە گۆڕدراوە بۆ "زیندانێکی کراوە".

لەو بەیاننامەیەدا، بە ئاماژەدان بە دەستوەردانە سەربازییەکانی ناتۆ لە یوگۆسلاویا، لیبیا و ئەفغانستان، داوا کرا تورکیا لە ناتۆ بچێتە دەرەوە و سەرجەم بنکەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە وڵاتەکەدا دابخرێن. هەروەها ئازادکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پێش لووتکەی ناتۆ دەستبەسەر و زیندانی کراون، داواکارییەکی دیکەی خۆپیشاندەران بوو.

هاوپەیمانیی "نا بۆ ناتۆ" لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە نەخێر و ناڕەزایەتییەکان تەنها بە سێ شاری ئەنقەرە، ئەستەمبوڵ و ئیزمیرەوە سنووردار نابن و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شارەکانی وەک ئەدەنە، مەلاتیە، ئامەد (دیاربەکر) و ناوچەکانی دیکەی تورکیاش بەردەوام دەبن. ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە داوایان لە هاووڵاتیان کرد بۆ دەربڕینی نەخێر دژ بە سیاسەتەکانی ناتۆ و ئەوەی کە بە "سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان" ناویان برد، پەیوەندی بەم گردبوونەوانەوە بکەن.

News ID 227439

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha