بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپەیمانیی "نا بۆ ناتۆ" لە لێواری بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی تەممووزدا لە ئەنقەرە، چەند گردبوونەوەیەکی هاوکاتی لە شارەکانی ئەنقەرە، ئەستەمبوڵ و ئیزمیر بەڕێوە برد.
لە گردبوونەوەکەی ئەستەمبوڵدا کە بە ئامادەبوونی پارت و ڕێکخراوە چەپ، سۆسیالیست و مەدەنییەکان، لەوانە پارتی چەپ (SOL)، پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، پارتی چەپی سەوز، پارتی ڕەنجدەران (EMEP)، کۆمەڵەی پێکهاتەکان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران دروشمی وەک "دەبێت ناتۆ لە تورکیا بچێتە دەرەوە"، "بنکەکانی ناتۆ دابخرێن" و "دەبێت ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەرەوە"یان بەرز کردەوە.
لەو بەیاننامەیەی کە بە نوێنەرایەتیی هاوپەیمانێتییەکە خوێندرایەوە، ناتۆ وەک "ڕێکخراوی شەڕانگێزی ئیمپریالیزم" پێناسە کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە ناساندنی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە وەک "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ تورکیا، جێگەی قبووڵکردن نییە. خۆپیشاندەران بە ڕەخنەگرتن لە دەستبەسەرکردنەکان و ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی پێش دەستپێکردنی لووتکەکە، ڕایانگەیاند کە ئەنقەرە گۆڕدراوە بۆ "زیندانێکی کراوە".
لەو بەیاننامەیەدا، بە ئاماژەدان بە دەستوەردانە سەربازییەکانی ناتۆ لە یوگۆسلاویا، لیبیا و ئەفغانستان، داوا کرا تورکیا لە ناتۆ بچێتە دەرەوە و سەرجەم بنکەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە وڵاتەکەدا دابخرێن. هەروەها ئازادکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پێش لووتکەی ناتۆ دەستبەسەر و زیندانی کراون، داواکارییەکی دیکەی خۆپیشاندەران بوو.
هاوپەیمانیی "نا بۆ ناتۆ" لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە نەخێر و ناڕەزایەتییەکان تەنها بە سێ شاری ئەنقەرە، ئەستەمبوڵ و ئیزمیرەوە سنووردار نابن و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شارەکانی وەک ئەدەنە، مەلاتیە، ئامەد (دیاربەکر) و ناوچەکانی دیکەی تورکیاش بەردەوام دەبن. ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە داوایان لە هاووڵاتیان کرد بۆ دەربڕینی نەخێر دژ بە سیاسەتەکانی ناتۆ و ئەوەی کە بە "سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان" ناویان برد، پەیوەندی بەم گردبوونەوانەوە بکەن.
Your Comment