بەپێی هەواڵی کوردپرێس، "میتینگی ئازادی" بە دروشمی "بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بە ڕێبەرایەتیی ئازاد" و بە دەستپێشخەریی پارتی یەکسانی و دیمۆکراسیی گەلان (DEM parti)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (DBP) و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (TJA) و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە خەڵک لە مەیدانی نەورۆزی شاری وان بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، بەشداربووان بە ژەنینی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ کردن هاوڕا بوون و پاشان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی قسەکانی قەدیر ئینانیر سەبارەت بە عەبدوڵا ئۆجەلان، یادی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە بەرز ڕاگیرا.
لە درێژەدا، بەشێک لە گوتارە کۆنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی شاشە گەورەکانەوە بۆ ئامادەبووان نمایش کران. بەشداربووان بە داگیرساندنی ڕووناکی مۆبایلەکانیان، لە کەشێکی بێدەنگدا گوێیان لە قسەکانی گرت و دوای کۆتاییهاتنی ڤیدیۆکە، هەزاران کەس بۆ ماوەی چەند خولەکێک دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان گوتەوە.
لەو ڤیدیۆیەدا بەشێک لە قسەکانی ئۆجەلان بڵاو کرایەوە کە تێیدا جەختی لە دژایەتیکردنی چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەکردەوە و دەیگوت: "ئێمە لایەنگری چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە نین." ههروهها تیشکی خستە سەر پێویستیی گفتوگۆ، ڕاگرتنی پێکدادانە چەکدارییەکان، دروستکردنی گرەنتیی یاسایی بۆ مافەکانی کورد، بەفەرمی ناسینی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و ڕەخساندنی زەمینەی ژیانێکی یەکسان، برایانە و ئاشتیانە.

لە بەشێکی دیکەی فیلمەکەدا ئۆجەلان گوتی: "ئەگەر گفتوگۆ بێتە ئاراوە، ئێمە سبەی سەرجەم چەکەکان بێدەنگ دەکەین. داواکارییەکانی ئێمە تەواو سروشتی، مرۆیی و دیموکراتیکن. دەبێت هەموو کەسێک بتوانێت خاوەنی بیروڕا، ناسنامە، ناو و کولتووری خۆی بێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بڕوای بە توانای خۆی هەیە بۆ پێشخستنی ئەم ڕێڕەوە و گوتیشی: "کوردەکان گوێ لە قسەکانی من دەگرن و کاریگەری و پێگەی من تەواو ڕوونە."
ڕێوڕەسمەکە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، بە پێشکەشکردنی چەند گوتارێک و بەڕێوەچوونی پرۆگرامی مۆسیقا بەردەوام بوو.
Your Comment