هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوای بەشداریی خەڵک لە "میتینگی ئازادی" دەکەن

هاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ڤیدیۆیی، داوایان لە گەل کرد بەشداری لەو گردبوونەوە جەماوەرییانەدا بکەن کە بە ئامانجی پشتگیریکردن لە ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڕێوەدەچن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، پارتی یەکێتی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) ڕایانگەیاند کە لە پێناو پشتگیریکردن لە ئازادیی جەستەییی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی حوزەیراندا چوار "گردبوونەوەی ئازادی" لە شارەکانی مێرسین، ئامەد، ئەستەنبوڵ و وان ساز دەکەن.

لەسەروبەندی ئەم گردبوونەوانەدا، کەمپەینێک بە هاشتاگی بەرەو گردبوونەوەی ئازادی (#ÖzgürlükİçinMitinge) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەستیپێکرد و هاوسەرۆکانی دەم پارتییش بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ڤیدیۆیی، داوایان لە خەڵک کرد لەم کۆبوونەوە جەماوەرییانەدا ئامادە بن.

حاتەمئۆغوڵڵاری: پێویستە ئاشتی بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان بنیاد بنرێت

تولای حاتەمئۆغوڵڵاری کە بڕیارە لە گردبوونەوەکەی ٢٧ی حوزەیران لە مێرسین ئامادە بێت، لە پەیامەکەیدا گوتی: «گەلی خۆشەویستی تورکیا، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی پێ بنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر، ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر پێویستیمان بە پشتگیرییەکی بەرفراوان و هاوبەش بۆ ئاشتی هەیە.»

ناوبراو زیادی کرد: «ژنانی، گەنجان، کرێکاران و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت تورک، کورد، عەرەب، ئاشووری و مەسیحییەکان، پێویستە ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە بنیادنانی ئاشتیدا لەم خاکەدا بگێڕن.»

هاوسەرۆکی دەم پارتی بە بانگێشتکردنی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکانی مێرسین، ئامەد، وان و ئەستەنبوڵ گوتی: «ئەم کۆبوونەوانە بە دروشمی "بەرەو ئازادی لەگەڵ کۆمەڵگەی دیموکراتی" بەڕێوە دەبەین. من خۆم لە گردبوونەوەکەی مێرسیندا ئامادە دەبم و داوا لە تەواوی خەڵکی ناوچەی چۆکۆرۆڤا دەکەم لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بن.»

بەکرخان: بۆ ئازادیی ئۆجەلان و دیموکراتیزەکردنی تورکیا کۆببینەوە

تونجەر بەکرخانیش کە لە گردبوونەوەکەی ٢٨ی حوزەیران لە مەیدانی باغچیلاری ئەستەنبوڵدا بەشدار دەبێت، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: «خەڵکی خۆشەویست، ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران کاتژمێر ١٦:٠٠ لە مەیدانی باغچیلار، گردبوونەوەی ئازادی ساز دەکەین. وڵاتەکەمان ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر پێویستی بە دیموکراسی، ئازادی و ئاشتی هەیە.»

ئەو بە ئاماژەدان بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوبات، گوتی: «ئەو پرۆسەیەی بەو بانگەوازە دەستیپێکرد، ئێستا پێویستی بە جێبەجێکردنی هەنگاوی یاسایی هەیە. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە خێراییەکی زیاترەوە بچێتە پێشەوە، تورکیا بگاتە بسترێکی دیموکراتی، بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت، زیندانیانی سیاسی ڕزگاریان بێت و وڵاتێکی دیموکراتتر، ئاوەدانتر و شیاوتر بۆ ژیان بنیاد بنرێت؛ داوا لە سەرجەم خەڵک دەکەین، لە ژنان، گەنجان، کورد، تورک، عەلەوییەکان و تەواوی نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان، کە لەم گردبوونەوانەدا ئامادە بن.»

بەکرخان جەختی کردەوە: «ئەگەر بتوانین دەنگی خۆمان لە ئەستەنبوڵ، مێرسین، ئامەد و وانەوە بە شێوازێکی بەهێز بە گوێی هەموان بگەیەنین، زەمینە بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجانە دەڕەخسێت کە ساڵانێکە خەباتیان بۆ دەکەین. داوا لە تەواوی خەڵکی ناوچەی مەڕمەڕە دەکەین لە گردبوونەوەکەی ئەستەنبوڵدا ئامادە بن. باوەڕم وایە ئەم کۆبوونەوەیە، گردبوونەوەیەکی زۆر شکۆدار دەبێت.»

News ID 227429

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha