بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «گوڵستان کلێچ»، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا بە ئاماژەدان بە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" جەختی کردەوە کە پێشخستنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی و چالاککردنی میکانیزمە دیموکراتیکەکان هەیە. ئەو "یاسای چوارچێوە"ی بە گرنگترین گەرەنتیی یاسایی ئەم پرۆسەیە دانا و داوای پێشکەشکردن و پەسندکردنی بەپەلەی ئەو یاسایەی لە پەرلەمان کرد.
گوڵستان کلێچ بە ڕووناکردنەوەی ئەوەی کە ئەو پرۆسەیەی ئێستا بە شێوازی کرداری لە ئارادایە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ پرۆسەیەکی یاسایی، گوتی: «بۆ بەردەوامیی سیاسەتی ئاشتی، بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی و مانەوەی، بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی زەروورەتە. چیتر کەسمان تاقەتی چاوەڕوانیی زیاتر و بەفیڕۆدانی کاتمان نییە و بەردەوامیی ئەم دۆخەش دروست نییە.»
ناوبراو زیادی کرد کە کۆمەڵگەی تورکیا چاوەڕوانە لێڵی و تەمومژەکانی دەوری ئەم پرۆسەیە بڕەوێتەوە و پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمایەکی ڕوون و یاسایی دابمەزرێت. بە گوتەی ئەو، "یاسای چوارچێوە" بە دیاریکردنی سنوور، بنەما، شێوازی جێبەجێکردن و میکانیزمەکانی چاودێریی دیموکراتیک، یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی کەشی متمانە و زیادکردنی دڵنیایی گشتی.
ئەم ئەندامە باڵایەی فراکسیۆنی دەم پارتی بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەم بابەتەی خستە ئەستۆی پارتی دەسەڵاتدار، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانیش لە هەمبەر ئەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارن و ناتوانن شان لە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە خاڵی بکەن.
ئەو هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا گوتی کە پەرلەمان تەنیا شوێنی پەسندکردنی پڕۆژەیاساکانی حکومەت نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە بێشکەیەک بۆ گفتوگۆ، گۆڕینەوەی بیروڕا و گەڕان بەدوای چارەسەری هاوبەش بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە. بە بڕوای ئەو، پێکهێنانی کەشێکی لەو شێوەیە دەتوانێت متمانەی گشتی بۆ پەرلەمان زیاد بکات و ڕۆڵی پەرلەمان لە بەدیهێنانی ئاشتیدا بکاتە ڕاستی.
گوڵستان کلێچ لە کۆتاییدا بە بانگهێشتکردنی هەموو پارتە سیاسییەکان بۆ پابەندبوون بە ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنەی پەرلەمانی و جێبەجێکردنی کرداریی ئەو، داوای لە سەرۆکی پەرلەمان، «نۆعمان کورتوڵموش» کرد هاوشێوەی سەردەمی چالاکیی لیژنەکە، بەردەوام بێت لە ڕۆڵی ئاسانکاریی خۆی و لەم قۆناغە مێژوویییەدا بۆ پێشخستنی ئاشتی بەرپرسیارێتیی زیاتر بگرێتە ئەستۆ. ئەو جەختی کردەوە: «ئێمە داوای ئاشتیی یاسایی، چارەسەری یاسایی و هەنگاوی یاسایی دەکەین. بەبێ ئەم گەرەنتییە یاساییانە، پرۆسەی ئێستا خاوەنی پاڵپشتی و ئاسایشی پێویست نابێت.»
Your Comment