کوردپرێس: هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر و سەرهەڵدانی کاردانەوەی بەربڵاو بەرامبەر بە ڕەهەندە سیاسی، کولتووری و ناسنامەیییەکانی، سەلاحەدین خەدیو بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە لە هۆکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و لێکەوتەکانی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکۆڵێتەوە. خدیو لەم یاداشتەدا، مزگەوتی گەورەی بارزانی لە ڕوانگەی شەرعیەتی سیاسی، گۆڕانی گوتاری نەتەوەییی کوردی، ڕۆڵی ئایین لە سیاسەتدا، ململانێی حزبە نەریتییەکان و هاوسەنگییە نوێیەکانی ناوچەکە شی دەکاتەوە. ئەوەی لە خوارەوە دێت، دەقی تەواوی بەشی یەکەمی ئەم یاداشتەیە:
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی زەبەلاحی مزگەوتی گەورەی بارزانی، پێی نایە جێپێی وڵاتانی وەک تورکیا، ئیمارات و سعوودیا لە پێشبڕکێی مزگەوتسازیدا.
مزگەوتی گەورەی بارزانی لە دڵی هەولێردا، لەسەر زەوییەک بە ڕووبەری ۲۰۰ هێکتار و ژێرخانێک کە یەکسانە بە دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.
مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی مزگەوتەکەدا ڕایگەیاند: «ئەم مزگەوتە نیشاندەری شکۆی تەلارسازیی ڕەسەنی کوردی دەبێت و مژدەدەری بەستنەوەی توندی ئایین و ناسنامەی نەتەوەییە.» بڕیاریشە هۆڵی سەرەکیی نوێژکردنەکە بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕەشماڵی عەشایەری کورد، بکرێتە چەماوەیەکی ئەندازیاری.
وەک ئاماژەی پێدرا، لە ئێستادا سعوودیا، تورکیا و ئیمارات سێ وڵاتی چالاکن لە دروستکردنی مزگەوتی ڕازاوە و گەورە لە جیهاندا.
دیپلۆماسیی مزگەوتسازیی ئەم وڵاتانە بەشێکە لە سیاسەتی ناساندنی براندەکەیان (براندینگ) و هەوڵێکە بۆ هەژموونی کولتووری و زیادکردنی هێزی نەرم؛ بەڵام هاوکات هەر یەکەیان ئامانجی جیاوازیش دەپێکن.
ئیمارات لە بنەڕەتدا دژی هەر جۆرە تێڕوانینێکی سیاسییە بۆ ئیسلام، و مزگەوتی مەزنی شێخ زاید، زیاتر لەوەی ناوەندێکی ئایینی بێت، شوێنێکی گەشتیاری و پێشانگەیەکە بۆ نیشاندانی سەروەت و سامانی زۆری ئەو وڵاتە. لە هەمان کاتدا لە پاڵ هەندێک هێمای دیکەی ئایینیدا، پەرە بە ئیسلامی مۆدێلی ئیماراتی دەدات کە بە ئیسلامی میانڕەو ناوی دەبەن.
بەڵام حیسابی تورکیا و سعوودیا تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازە. هەر یەک لەم دوو وڵاتە بە جۆرێک بەرگریکارن لە ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسی و دەستوەردەر لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا، و سیاسەتی مزگەوتسازی بەشێکە لە ستراتیژیی دزەکردنی هێزی نەرمی ئەوان.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: هەولێر دەکەوێتە ژێر کام یەک لەم مۆدێلانەوە؟
حەز و خولیای هەولێر و بنەماڵەی سیاسیی فەرمانڕەوای بۆ مۆدێلی حوکمرانیی ئیمارات و ئاراستە سیاسی و ئابوورییە گەورەکانی شتێکی شاراوە نییە؛ بەڵام جیاوازیی گرنگیش لە نێوانیاندا هەیە.
ئیسلام لە هەرێمی کوردستاندا خاوەن ڕەگی قووڵتری کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسییە بە بەراورد بە ئیمارات. بە پێچەوانەی ناونیشانی نوێ و تا ڕادەیەک دەستکردی ئیسلامی ئیماراتی، "ئیسلامی کوردی" چەمکێکی ناسراوە لە خوێندنەوەی ڕۆژهەڵاتناسی و توێژینەوە مێژووییەکاندا کە لە سەدەکانی ڕابردوودا لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە ئەنجام دراون.
کوردستان بە پێچەوانەی ئیمارات، قەوارەیەکی سیاسیی نیمچە سەربەخۆیە و چاوچنۆکیی ناوچەییی زۆر کەمتری هەیە. ئەوەی هەولێری هانداوە بیر لە دروستکردنی گەورەترین مزگەوتی جیهان لە کوردستاندا بکاتەوە، پێش تێبینییە دەرەکییەکان، پێویستیی بەدەستهێنانی شەرعیەتە لە ناوخۆدا.
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەدەست گەورەترین درز و دابەشبوونی ناوخۆیی نێوان حزبە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنێت. نزیکەی دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تێدەپەڕێت، بەڵام نە کابینەی نوێی حکوومەت پێکهاتووە و نە پەرلەمانیش کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هاوتەریب لەگەڵ کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بە دوو حزبە سەرەکییەکە و داڕمانی پێگەی جەماوەرییان وەک مودەعیانی ناسیۆنالیزمی کورد، مەیلی خەڵک بەرامبەر بە ئایین بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکان لەم وەرچەرخانە، لە ڕێگەی پەرەسەندنی پەنابردنی سەرکردەکانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ هێما و چەمکە ئایینییەکان بە ڕوونی دەبینرێت.
تەنانەت حزبە تاکئامانجەکان وەک جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست کە بە پێچەوانەی دوو جەمسەرە سیاسییە سەرەکییەکە (یەکێتی و پارتی)، وەک بزووتنەوەکانی نەوەی نوێ لە دەوری کێشە و ناڕەزایەتییە دیاریکراوەکان دروست بوون، لە تاقیکردنەوەی پەنابردن بۆ سەرنجڕاکێشیی ئایین و بەکارهێنانی هەست و سۆزی ئایینی خەڵک بەدوور نین.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین حزبی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری گۆڕانی خواست و مەزاجی خەڵک و ساردبوونەوەی پێگەی جەماوەریی نەریتییەکەیەتی. لە ئێستادا هاوشێوەییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی — کە لە دڵی دابەشبوونە سیاسییەکەی ساڵی ۱۹٦۴ی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە لەدایک بوون — زۆر زیاترن لە جیاوازییەکانیان.
لە کوردستانی شارنشینی ئهمڕۆدا، بە هیچ شێوەیەک وەک دەیەکانی حەفتا و هەشتا ناتوانرێت پارتی وەک نوێنەری کوردستانی گوندنشین، پارێزگار و نەریتی و ڕکابەرەکەی وەک نوێنەری بەشە شارنشین و مۆدێرنەکەی کۆمەڵگە سەیر بکرێت.
بە پێچەوانەوە، هەردووکیان بە جۆرێک بوونەتە حزبی ناوچەیی کە دەنگدەران زیاتر لەسەر بنەمای خوویەکی نەوەیی دەنگیان پێ دەدەن؛ خوویەک کە لەگەڵ هاتنی نەوەی گەنجتر و جیهانیتر بەرەو نەمان دەچێت و زەنگی مەترسیی لە ژووری بیرکردنەوەی حزبەکاندا لێداوە.
لەم ڕوانگەیەوە، گەڕان بەدوای بنکەیەکی دەنگدانی بەرفراوانتر و جێگەی متمانە لە ڕێگەی جۆرێک لە ئایینیکردنی دەستکرد و گەشەکردوو لە خانەی شووشەییدا، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمیش هۆکارێکی هاندەرن. ڕاستە ئەم حزبانە کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئیسلام و ناسنامەی ئیسلامی دامەزراون، وەک حزبەکانی دیکە تووشی پاشەکشە و کەمبوونەوەی لایەنگر بوونەتەوە؛ بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی گەورە و خێرایان بەرەو نەتەوەییبوونی کوردی و خەونی کوردستانی سەربەخۆ ناوە. نەوەی گەنجتر و هەندێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانیان، بە بیرکردنەوەی نوێ لەسەر قبووڵکردنی عەلمانییەت و لێکدانەوەی لیبرالیانە بۆ ئیسلام، بەرەو داڕشتنی گوتارێکی سیاسیی نوێ دەچن کە لە توانایدا هەیە جەماوەر و ڕەوتی سەرەکیی سیاسەت قەناعەت پێبکات.
لە پاڵ ئەم هۆکارانەدا، نابێت چەند تێبینییەکی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی تایبەت پشتگوێ بخرێن.
بۆ نموونە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان دا، کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بەشێک لە ڕەهەندەکانی دەرخست، هاوسەنگکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان و هەمەجۆرکردنی هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ناتوانێت لەبەرچاوی سەرکردە کوردەکان نەبێت.
مزگەوتی گەورەی بارزانی دەکرێت وەک جۆرێک لە وشەی نهێنیی ئۆپەراسیۆنێکی سیاسی بێت لە ژێر ناوی گەڕانەوەی کورد بۆ ناو جیهانی ئیسلامی و ئوممەتی ئیسلامی.
بۆ چەندین دەیە، نەتەوەییخوازی چەپڕەو و دواتر عەلمانیی کورد هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیەیان دەدا کە کورد لەلایەن برا موسڵمانەکانییەوە ڕەتکراوەتەوە و چارەنووسی بە تەواوی بە هێزە گەورەکانی ڕۆژئاواوە بەستراوەتەوە.
بەڵام لەگەڵ پاشەکشەی ڕێژەیی ئامادەیی و هەژموونی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا و گرنگبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەیییەکانی وەک تورکیا، ئێران و سعوودیا، پێویستیی چاکسازی و دەستکاریکردنی ئەم تێڕوانینەی سەرەوە، بووەتە بەشێک لە تێبینییەکی جیۆپۆلەتیکی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە.
مزگەوتی گەورەی بارزانی، هەولێر بە ڕابردووە مێژوویی و حوجرەیی و فەقێیاتییەکەی خۆیەوە دەبەستێتەوە وەک یەکێک لە ناوەندەکانی ئیسلامی سوننە لە کوردستاندا؛ بابەتێک کە لەگەڵ تێبینییە سیاسی و ستراتیژییەکانی حزبی دەسەڵاتدار و پێناسەکردنی پێگەی ئەو حزبە لە هاوپەیمانێتییە ناوچەیییەکان و هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی وەک تورکیا و سعوودیا و پێگەی ناوخۆیی لە سیاسەتی عێراقدا هاوتەریبە.
جگە لەمە، جەختکردنەوەی دووبارە و درەنگوەخت لەسەر ناسنامەی ئایینی و ناسنامەی کوردی، توانایەکی فەرامۆشکراو دەخاتە بەردەم نەتەوەییخوازیی کورد.
شایانی باسە یەکەم دەرکەوتنی نەتەوەییخوازیی کورد لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، نەک لە ڕێگەی ڕووناکبیرانی دینی، بەڵکوو لە ڕێگەی دەرگای مزگەوت، خانەقا، زانایانی ئایینی و شێخەکانەوە ڕووی دا.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە ڕەگێکی گرنگی لە خانەقای نەقشبەندیدا هەیە، بە شێوەیەکی سروشتی ئامادەیی هەیە بۆ دروستکردنی تێکەڵەیەک لە ئایین و نەتەوەییخوازی، و دەستی لەم بوارەدا لە ڕکابەرەکانی پڕترە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئایا دەکرێت بەبێ ترسان لە ئاڵۆزی و کێشەکانی ناشی لە "یاسای دەرئەنجامە نەخوازراوەکان"، سیاسەتێکی ئایینیی کۆنترۆڵکراو و تاقیگەیی بەرەو پێش ببرێت؟
کوردستان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی نییە کە دەوڵەتێکی تەواو ئابووری بێت و زۆرینەی دانیشتووانی بیانی و ناموسڵمان بن.
ئیسلام لە کوردستاندا خاوەن پێگەیەکی قووڵ و بێوێنەیە، و یاریکردن بە کارتی ئایین ناتوانێت بێ مەترسی بێت.
جگە لەوەش، لە کەشێکی دابەشبوودا، حزبی ڕکابەر بێگومان هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەدات و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گرووپە کۆمەڵایەتییە پارێزگار و ئایینییەکان، دەستپاکی و بەخشندەییی زیاتر نیشان دەدات.
بەبێ هەبوونی لیستێک لە چاکسازیی بنەڕەتیی سیاسی و ئابووری کە لە پلەی یەکەمدا کۆتایی بەم دابەشبوونە ئێستایە بهێنێت و لە قۆناغەکانی دواتردا لە قورساییی حزبایەتیی ئێستا کەم بکاتەوە، هیچ سیاسەتێکی ڕاستەقینە سەرکەوتوو نابێت.
Your Comment