گفتوگۆی نێوان پزیشکیان و ئەردۆغان؛ ئەنقەرە پێشوازی لە لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، وێڕای پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، پشتگیریی ئەنقەرەی بۆ بەئاکامگەیاندنی ئەم پرۆسەیە دەربڕی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پەیوەندییە دووڵایەنەکانی نێوان تورکیا و ئێران و هەروەها گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کرد.

ئەردۆغان لەم پەیوەندییەدا خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە دەربڕی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هاتووەتە ئاراوە، و جەختی لە سەر پشتگیریی تورکیا بۆ پرۆسە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی کردەوە.

لەو وتووێژەدا، هەردوولا بابەتەکانی پەیوەست بە هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و ئێران و پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکەیان لێکدایەوە.

ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەو ڕێککەوتنە کرد کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا کراوە و بە مایەی «خۆشحاڵی» وەسفی کرد و گوتی: «کەیفخۆشین بە بەدەستهاتنی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.»

سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە، خەمسارد نابێت و وتیشی: «تورکیا هەموو پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاشتی کۆتایی پێبێت.»

News ID 227401

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha