بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا ساڵی ۲۰۲۶ بۆ کورد بە زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسیی نائومێدکەر بەتایبەت لە سووریا دەستی پێکرد، مۆندیالی ۲۰۲۶ بووە گۆڕەپانێک بۆ نیشاندانی سەرکەوتنە کەموێنەکانی وەرزشوانانی کورد. بە بڕوای چاودێران، ئەمە لە دەستکەوتێکی وەرزشی زیاترە و بووەتە هێمایەک بۆ ناسنامە و سەربەرزیی کورد.
«ئەمبەرین زەمان» لە شیکارییەکدا بۆ پێگەی (ئەلمۆنیتەر) دەنووسێت: لە بارودۆخێکدا کە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی گوشاری پەرەسەندوو بووەتەوە و ئومێدی کوردیش بۆ پاڵپشتیی دەرەکی کەم بووەتەوە، درەوشانەوەی سەرنجڕاکێشی چەند یاریزانێکی کورد لە مۆندیالی ۲۰۲۶دا، ڕۆحێکی نوێی بە بەبەری کۆمەڵگەی کوردیدا کردووەتەوە.
لە لووتکەی ئەم سەرکەوتنانەدا، دەنیز ئۆنداڤ، هێرشبەری تەمەن ۲۹ ساڵانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هیە، کە بە تۆمارکردنی سێ گۆڵی یەکلاکەرەوە، بووەتە یەکێک لە ئەستێرە سەرەکییەکانی پاڵەوانێتییەکە. ئۆنداڤ کە ڕەسەنایەتییەکەی کوردێکی ئێزدییە، دوای درەوشانەوەی بەرامبەر (ساحیلی عاج) بووە یەکێک لە کەسایەتییە دڵخوازەکانی مۆندیال و تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زیاتر لە ملیۆنێک فۆڵۆوەری نوێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدەستھێنا.
گرنگیی سەرکەوتنی ئۆنداڤ بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی دوو هێندەیە؛ ئەو وەک یەکەم یاریزانی تۆپی پێی ئێزدی دادەنرێت کە بەشداریی لە مۆندیالدا کردبێت؛ کۆمەڵگەیەک کە لە ساڵی ۲۰۱۴دا بووە قوربانیی جینۆسایدی داعش. «سپان ئاجۆ»، یەکێک لە ڕزگاربووانی دەستی داعش کە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژیت، بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە کە سەرکەوتنی ئۆنداڤ «مەرهەمێکە بۆ سەر زامەکانی ئێزدی و کوردان».
«موراد ئیسماعیل»، نوێنەری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە ئامادەبوونی ئۆنداڤ دەتوانێت نەوەی نوێی گەنجانی ئێزدی هان بدات بۆ چوونە ناو کایەی وەرزشیی پیشەگەرانەوە.
ئۆنداڤ کوڕی خانەوادەیەکی کۆچبەری کوردە کە لە ناوچەی وێرانشاری کوردستانی تورکیا باوکی بۆ کارکردن کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا. ئەو ساڵانێکی زۆر لە پاڵ تۆپی پێدا لە کارگەیەکدا کاری دەکرد، و دوای چەندین ساڵ لە چەشتنی تاڵی و ناکامی لە خولە پلە نزمەکاندا، دواجار لە ساڵی ۲۰۲۳دا پەیوەندی بە یانەی شتوتگارتەوە کرد و ئێستا بووەتە یەکێک لە کۆڵەکەی سەرەکییەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەڵمانیا.
لەم نێوەندەدا، هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بە پشتبەستن بە سیاسەتی ڕاوکردنی بەھرەمەندە ناوخۆیی و کۆچبەرەکان، بووەتە قەڵای سەرەکیی ئەستێرە کوردەکان. پێکهاتەی عێراق بە ئامادەبوونی ٦ یاریزانی کورد لەوانە ئاکام هاشم و ڕێبین سۆلاقا لە هێڵی بەرگریدا، شێوازێکی تۆکمەی بەخۆیەوە گرتووە. لە پاڵ ئەوانیشدا، ئەستێرە داهێنەر و تەکنیکییەکانی وەک مێرخاس دۆسکی، ئەیمەن شێر، مارکۆ فەرەج و دیاردە لاو و بەهیوایەکەیان واتە یووسف ئەمین، ستوونە سەرەکییەکانی شێرەکانی ڕافیدەین لەم ماراسۆنە جیهانییەدا پێکدەهێنن.
«مێگان بۆدێت»، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە "پەیمانگای ئاشتیی کوردستان"، پێی وایە کورد لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەزۆری تەنیا بە شەڕ، ململانێ یان شەڕی دژ بە داعش دەناسرێتەوە؛ لە کاتێکدا سەرکەوتنی وەرزشوانانی کورد نیشانی دەدات کە ئەم کۆمەڵگەیە لە کایەکانی کولتووری، هونەری، زانستی و وەرزشیشدا خاوەن توانای بەرچاوە.
بە گوتەی ئەو، سەرکەوتنی وەرزشوانانی کورد جگه لە دروستکردنی شانازیی نەتەوەیی، یارمەتیدەرە بۆ شکاندنی ئەو وێنە باوە نەرێنییانەی کە ساڵانێکە دژ بە کورد دروست کراون.
سەرکەوتنی کورد تەنیا لە مۆندیالدا قەتیس نەبووە؛ یانەی ئامەدسپۆر بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا سەرکەوت بۆ خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) و یانەی جیھادی حەسەکەش بۆ یەکەمجار گەیشتە خولی نایابی سووریا.
سەرکەوتنی ئامەدسپۆر گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم یانەیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار کەوتووەتە بەر شاڵاوی هێرشی ڕەگەزپەرستانە و دروشمی دژە کورد لەلایەن هاندەرانی یانە ڕکابەرەکانەوە. خودی دنیز ئۆنداڤیش ساڵی ڕابردوو لە یاریی شتوتگارت بەرامبەر فەنەرباغچە، لەلایەن بەشێک لە هاندەرانی تیمی ڕکابەرەوە بە دروشمی وەک «تیرۆریست» و «خائین» ڕووبەڕوو کرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵبژاردەی نیشتمانیی تورکیا سەرەڕای هێنای ئەستێرەکانی وەک ئاردا گولەر و کینان یڵدز، هەر دوو یاریی یەکەمی خۆی بە دۆڕاندن بەڕێ کرد و بەبێ تۆمارکردنی هیچ گۆڵێک لە لێواری ماڵئاواییکردن لە مۆندیال دایە.
ئەم ناکامییە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە بەکارهێنەرانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە توانج و قەشمەرییەوە پەرچەکردار بەرامبەر بە ئاستی هەڵبژاردەی تورکیا نیشان بدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامی ڕاپرسییەک لە ساڵی ۲۰۲۳دا نیشانی دەدات کە زۆرینەی کوردانی تورکیا هێشتا لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا پاڵپشتی لە هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەکەن و تەنیا نزیکەی ۹٪یان ئارەزووی سەرکەوتنی تورکیا ناکەن.
بە نووسینی ئەلمۆنیتەر، ئامادەبوونی چوار یاریزانی کورد لە هەڵبژاردەی نیشتمانیی تورکیا و سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بۆ سوپەرلیگ، دەتوانێت هەستی بەشداربوون و متمانەی زیاتر لە نێوان کوردانی ئەو وڵاتەدا دروست بکات؛ بەڵام ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە کە نەرمیوانواندنی سیاسی بەرامبەر بە کورد بەزۆری کاتی بووە و بەردەوامییەکەی پێش هەر شتێک بەستراوەتەوە بە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئەنقەرەوە.
لە بارودۆخێکی وەهادا، سەرکەوتنە وەرزشییەکان بۆ زۆرێک لە کوردان تەنیا سەرکەوتنێک نییە لەنێو یاریگای تۆپی پێدا، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ بینینی ناسنامە، تواناکان و پێگەی ئەوان لەسەر ئاستی جیهاندا.
Your Comment