بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەمەری ئاماژەی بەوەش کرد کە دیاریکردنی وەزیری ناوخۆ لەلایەن عەلی زەیدییەوە، نزیکترین سیناریۆیە بۆ داخستنی دۆسیەی ئەم وەزارەتە، و حکوومەتی عێراق پلان دادەڕێژێت پێش گەشتەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، پێکهاتەی حکوومەتەکەی تەواو بکات.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕوونیکردەوە کە بەپێی سیستمی خاڵبەندی، پشکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ناگاتە وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ.
هەروەها زیادی کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگیش ئارەزوویەکی ئەوتۆی نییە بۆ کاندیدکردنەوەی ئەو کەسایەتییانەی کە پێشتر متمانەیان پێ نەکراوەتەوە.
بە گوتەی شەمەری، کۆبوونەوەی کۆتایی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت پێش پێنجی تەممووز بەڕێوەدەچێت، و زەیدی لە سەرەتای مانگی تەممووزدا بە حکوومەتێکی تەواو و هەمەلایەنەوە سەردانی واشنتۆن دەکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە پێوەندییەکانی هەردوولا لە دۆخێکی باشدان، بەڵام هەردوو لایەن بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن؛ عێراقیش هەوڵ دەدات هاوسەنگییە هەرێمایەتییەکان بە جۆرێک بپارێزێت کە نەکەوێتە ژێر باری سزاکانی ئەمریکاوە.
شەمەری ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا پێشتر دژی بەشداریپێکردنی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بوو لە حکوومەتدا، بەڵام لەم ڕووەوە گۆڕانکاری لە تێڕوانینی واشنتۆندا ڕوویداوە و تێڕوانین و زمانی ئەمریکا بەرامبەر بە حەشدی شەعبی نەرمتر بووەتەوە.
لە کۆتاییدا گوتی، هەندێک لە گرووپەکان ڕادەستکردنی چەکەکانی خۆیان بەستووەتەوە بە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
Your Comment