بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوە ئاگادارەکان بە کەناڵەکانی (العربیة) و (الحدث)یان ڕاگەیاندووە کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، داوای بڕینی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی ئەم هێزانەی لەگەڵ پەکەکە، چوونە دەرەوەی کادیرانی ئەو گرووپە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و هەروەها تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵبوونی سەربازی و کارگێڕی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشقدا تا کۆتایی ئەمساڵ کردووە. بە وتەی ئەم سەرچاوانە، واشنتۆن بەردەوامیی پشتگیرییەکانی خۆی بۆ کوردانی سووریا بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەوە.
بەپێی ئەم دوو ڕاپۆرتە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا داواشی کردووە کە هێزەکانی دژە تێرۆری سەر بە هەسەدە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا بکەن لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدان.
سەرچاوەکان دەڵێن، باراک جەختی لەسەر پێویستیی تەواوکردنی تێکەڵبوونی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو پێکهاتەی سوپای سووریا تا کۆتایی ئەمساڵ کردووە، هاوکات لەگەڵ تێکەڵکردنی دامەزراوە کارگێڕی و حکوومییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی سووریادا لە ماوەی هەمان چوارچێوەی کاتیدا.
ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە واشنتۆن بەردەوامیی پشتگیرییە سیاسی و ئەمنییەکانی خۆی بۆ کوردانی سووریا مەرجدار کردووە بە جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم هەنگاوانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، مەزڵووم عەبدی لە ڕەوتی ئەم دیدارەدا ڕوانینێکی ئەرێنیی بەرامبەر بەو داواکارییانە نیشان داوە کە لەلایەن نێردەی ئەمریکاوە خراونەتەڕوو.
لە بەشێکی تری دانوستانەکاندا، هەردوولا باسیان لە دۆسیەی نەوتیش کردووە. سەرچاوەکان دەڵێن ڕاوێژەکان ڕێکخستنی گرێبەستی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی گرتووەتەوە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا چالاکن، لەگەڵ دیاریکردنی پشکی ناوچە کوردنشینەکان لە داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشقدا.
بە وتەی ئەم سەرچاوانە، پشکی سەرەتایی ناوچە کوردنشینەکان لە بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکاندا بە نزیکەی ١٠٪ ئەژمار کراوە و بڕیارە لە داهاتوودا زیاد بکرێت.
هەروەها هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی هێڵێکی بۆری بۆ گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی عێراق و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پاڵاوگەی بانیاس لە کەناراوەکانی سووریا. بەپێی ئەم پڕۆژەیە، هێڵە بۆرییەکە بەناو ئەو ناوچانەدا تێپەڕ دەبێت کە لەژێر کۆنترۆڵی کورداندایە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئەم زانیارییانە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ کەناڵەکانی العربیة و الحدث بڵاوکراونەتەوە و تا ئێستا لەلایەن ئەمریکا، حکوومەتی سووریا یان هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
Your Comment