بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دژی گرووپی داعشی ڕاگەیاند، کە لە ئەنجامدا ئەحمەد قازانجی، لە ئەندامانی باڵای پێکهاتەی ڕاگەیاندنی لقی ناسراو بە "ویلایەتی خۆراسان"ی داعش (ISKP) دەستگیرکرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، قازانجی بە ناوە خوازراوەکانی "ئەبوو عوبەیدە" و "ئەبوو ئیبراهیم" چالاکیی کردووە. بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ناوبراو دوای دەستگیرکردنی ئۆزگور ئاڵتون (کە بە ناوی ڕێکخراوەیی "ئەبوو یاسر ئەلتورکی" وەک بەرپرسی ڕاگەیاندنی داعش لە تورکیا دەناسرا)، بەرپرسیارێتی چالاکییە ڕاگەیاندنەکانی ئەم گرووپەی گرتبووە ئەستۆ.
میت ڕایگەیاندووە کە لە دوای بەدواداچوونی هەواڵگرییەوە دەرکەوتووە قازانجی لە تورکیاوە چووەتە ناوچەکانی ئەفغانستان و پاکستان و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو لە سەربازگەکانی ئەم گرووپەدا چالاک بووە و لەگەڵ ئۆزگور ئاڵتون ڕۆڵی هەبووە لە گواستنەوەی چەکداران لە تورکیاوە بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون. هەروەها دوای دەستگیرکردنی ئاڵتون، بەرپرسیارێتی بەشێک لە چالاکییە ڕێکخراوەییەکانی گرووپەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
سەرچاوە ئەمنییەکان هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قازانجی لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پێگەکانی داعش لە پاکستان ڕزگاری بووە و بەنیازی ئەوە بووە دوای چوونە ناوەوەی نایاسایی بۆ ناو خاکی تورکیا، چالاکییەکانی دەست پێ بکاتەوە.
لە دوای بەدەستهێنانی ئەم زانیارییانە، هێزەکانی میت ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامدا و دەستگیریان کرد.
بەپێی بەیاننامە بڵاوکراوەکە، قازانجی لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆزگور ئاڵتون، ئەو مەشقە سەربازی و ئایدۆلۆژییانەی کە لە ناو داعشدا وەریگرتوون، و هەروەها چالاکییە ڕاگەیاندنی و پڕوپاگەندەییەکانی بۆ ئەم گرووپە ناوە.
ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ شاری قۆنیە و لە نەخۆشخانەی حکوومیی مەرام پشکنینی پزیشکیی بۆ ئەنجامدرا.
میت ڕایگەیاندووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بووەتە هۆی پووچەڵکردنەوەی پلانە ئەگەرییەکانی داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە تورکیادا و هۆکاریش بووە بۆ ئاشکراکردنی تۆڕەکانی گواستنەوەی هێزی مرۆیی ئەم گرووپە.

Your Comment