بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کە ساڵانێکە لەسەر بنەمای هاوکاری نزیک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکانی هەولێر داڕێژراوە، ئێستا نیشانەکانی گۆڕانی تێدا دەردەکەوێت. دیداری ئەم دواییەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلایەن چاودێرانەوە وەک نیشانەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و سلێمانی دەنرخێنرێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی ئاشتی نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) چووەتە قۆناغێکی نوێوە و ئەنقەرە هەوڵ دەدات بازنەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەکتەرە جیاوازەکانی کورد لە عێراقدا فراوانتر بکات.
ئەنيل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، لە چواری حوزەیراندا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی هەردوولا، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بوون لە وەبەرهێنان، بازرگانی، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم و هاوکاری دوو قۆڵی.
هەرچەندە بەرپرسانی هەردوولا وردەکاری زیاتریان بڵاونەکردەوە، بەڵام ئەم دیدارە لەبەر ئەوە گرنگە چونکە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی بەرپرسێکی باڵای دیپلۆماسی تورکیایە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا. پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی تۆمەتەکانی تورکیا بۆ سەر یەکێتی سەبارەت بە نزیکبوونەوەی لە پەکەکە، گرژیی تێکەوتبوو.
ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و گۆڕانی هاوکێشەکانی ئەنقەرە
بەپێی نووسینی "ئەمواج میدیا"، پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی گۆڕانی ڕوانینی ئەنقەرە بەرامبەر بە یەکێتی.
تورکیا ساڵانێک بوو ئەم حیزبەی بە پشتگیریکردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکرد، بەڵام ئێستا سلێمانی بووەتە یەکێک لە کەناڵە سەرەکەییەکانی پەیوەندی لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا. لە بەرامبەردا، ئەنقەرەش بە هەندێک هەنگاو وەک لابردنی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، نیشانەی ئارەزووی خۆی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەکان دەرخستووە.
بە بڕوای شرۆڤەکاران، تورکیا لە دۆخی نوێدا پێی باشترە تەنها پشت بە یەک هاوبەشی سیاسی نەبەستێت لە هەرێمدا و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەردوو حیزبە سەرەکەییەکەی کوردستانی عێراق بپارێزێت.
ئایا پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لاواز دەبێت؟
سەرباری گەرمبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی، زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە ئەم پێشهاتە بە واتای کەمبوونەوەی گرنگیی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە بۆ ئەنقەرە.
محەمەد ئالاجا، توێژەری کاروباری عێراق، بە "ئەمواج میدیا"ی ڕاگەیاندووە کە سیاسەتی تورکیا زیاتر لە قۆناغی "ڕێکخستنەوە"دایە نەک گۆڕانی بنەڕەتی. بە وتەی ئەو، ئەنقەرە هێشتا لە پرسە ستراتیژییەکاندا پارتی بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی دەزانێت.
کۆنترۆڵکردنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، کە گرنگترین ڕێڕەوی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیایە، هێشتا لەژێر دەستی پارتیدایە و هەر ئەم بابەتەش پێگەی ئەم حیزبەی بۆ ئەنقەرە پاراستووە.
ناكۆكییە ناوخۆییەکانی هەرێم
گۆڕانی ڕوانینی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. بەسەرچوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، پارتی و یەکێتی هێشتا لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕێکنەکەوتوون.
یەکێتی لە مانگی شوباتدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ پێکهێنا؛ هەنگاوێک کە هەندێک کەس وەک هەوڵێک دەیبینن بۆ زیادکردنی هێزی گفتوگۆکانی ئەم حیزبە لە بەرامبەر پارتیدا.
لەکاتێکدا کێبڕکێی ئەم دوو حیزبە لە بەغداش بەردەوامە. ئەگەرچی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کورسی زیاتری بەدەستهێناوە، بەڵام یەکێتی توانیویەتی بە ڕاکێشانی پشتگیریی هاوپەیمانێتییە شيعەکان و بەشێک لە ڕەوتە سوننەکان، پێگەی خۆی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی فیدراڵیدا بپارێزێت.
ستراتیژیی نوێی تورکیا
تورکیا هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی، هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکانی تری عێراقیشدا بەهێز بکات. دیداری باڵیۆزی تورکیا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە چوارچێوەی ئەم ڕوانگەیەدا دەبینرێت.
بە بڕوای چاودێران، ئەنقەرە ئێستا دەیەوێت هاوشانی پاراستنی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەولێر، هەژموونی خۆی لە سلێمانی و بەغداش زیاد بکات؛ ستراتیژییەک کە دەکرێت ڕۆڵی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و گۆڕانکارییەکانی داهاتووی عێراقدا تۆختر بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێناچێت ئەم گۆڕانکارییە بە واتای وەلانانی هاوپەیمانە نەریتییەکەی تورکیا بێت لە هەرێمدا. پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا بەهێزترین ئەکتەری سیاسیی هەرێمە، کۆنترۆڵکەری گرنگترین دەروازەی سنوورییە لەگەڵ تورکیا و یەکێکە لە حیزبە هەرە کاریگەرەکانی کورد لە هاوکێشەکانی عێراقدا.
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە سیاسەتی ئەنقەرەدا دەبینرێت، زیاتر لەوەی وەرچەرخانێکی تەواو بێت، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان دوو حیزبە سەرەکەییەکەی کوردستانی عێراق و فراوانکردنی مەودای نفووزی تورکیا لە هاوکێشەکانی هەرێم و بەغدا.
سەرچاوە: ئەمواج میدیا
Your Comment