بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پانێڵەکەدا فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ڕۆهلات عەفرین و ڕوکسەن محەمەد وتەبێژی یەپەژە بەشدارییان کرد و وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە کە بەشێک لەو دیمانەیە لە درێژەدا هاتووە:
فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕۆهەلات عەفرین ڕایگەیاند لە جیهاندا سیستەمێک کە بە عەقڵیەتی پیاوسالاری بنیات نراوە دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا بسەپێنێت و وتی: "ئەم عەقڵیەتە کە لە مێژوودا دەسەڵاتی خۆی لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان بنیات ناوە، سیستەمێکی سوپای بنیات ناوە نە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا، بەڵکو بۆ تاڵانکردن بنیاتناوە، ئەو عەقڵیەتە دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا بسەپێنێت، ئەم عەقڵیەتەمان لە ڕاستیدا لە شەڕی داعشدا بینی، لە شوێنێک کە هیچ پاراستنێک نەبێت، پاراستنی جەوهەری نەبێت، ئەم سیستمەی ئێستا ژنان دەکاتە موڵک خۆی و لە بازاڕەکاندا سەودای پێوە دەکات، بۆیە ئەگەر ژن لە سوپایەکدا نەبێت، ئەو سوپایە بەتەواوەتی دەکەوێتە دەستی پیاو و هەرچی بیەوێت دەیکات."
ڕۆهلات عەفرین لە هەڵسەنگاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا کە بوونی سوپای ژن لە سووریا و ڕۆژئاوا متمانەیەکی زۆری بە ژنانی جیهان بەخشیوە و وتی: "لە سەدەی ٢١دا ئەگەر بوونی ژنان لە سوپادا دانی پێدنەنرێت، بۆ ئارامی سوریا هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت، بۆیە هەموو کەسێک پێویستی بە پێوەرێکە لە پاراستن و ژنانیش زۆرترین پێویستیان پێ هەیە.".
دەبێت گوشار بخرێتە سەر حکوومەتی دیمەشق
فەرماندەی یەپەژە ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بۆ شداریکردن لە سوپا و بەتایبەت بەشداریکردنی ژنان لە هەموو بوارەکاندا گوشارەکان لە سەر حکومەتی دیمەشق زیاد بکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی بە تایبەتی لە ڕای گشتیی نێونەتەوەییدا داواکراوە چاودێریکردنی ڕێکارەکانی ئەنتێگراسیۆن و چەکەکانە. لەلایەکی دیکەوە بۆ ئامادەکردنی چوارچێوەی یاسایی، سیاسی و بەشداریکردنی ژنان لە پاراستندا پێویستە وەک مافێکی ڕەوا پشتگیرییەکان فەراوان بکرێت. دەبێت ژنان لە ئامادەکردنی یاسای پاراستندا بەشدار بن و نابێت هیچ یاسایەک بەبێ بەشداری ژنان دەربکرێت."
هەبوونی یەپەژە دڵی ژن و کۆمەڵگا ئاسوودە دەکات
ڕۆهلات عەفرین هۆکاری ڕەتکردنەوەی ژنان لە ناو سوپا و پێشنیارەکەی بۆ وەزیری بەرگری سووریا وەها خستەڕوو: "هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ژنان نەچنە ناو سوپاوە، شارەزایان دەڵێن، ئەوان تەنیا دەتوانن لە ئاسایشی ناوخۆدا جێگەی خۆیان بگرن، ئێمە ١٤ساڵمان تێپەراند، هەبوونی ژنان لە سوپا بەتایبەت لە شەڕی داعش، لەسەر ئاستی جیهان نموونەیەکی یەکەمە، بێگومان ئەمە بە پشتیوانیەکانی هەموو ژنانی جیهاندا بەدی هات، لە لایەکی ترەوە چەندین گروپی جیاواز لە سوپای نوێی سوریادا بەشدار دەبن و بێگومان ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتوی سووریا دروست دەکات. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سووریا کۆبوونەوەیەکمان هەبوو و گوتمان پێویستە وەک لیوایەک پارستنی خۆمان و ناوچەکانمان بکەین. لەوانەیە لە هەموو ناوچەکانی سووریادا نەتوانین، بەڵام لە ناوچەکەماندا دەتوانین ئەم کارە بکەین. بۆیە بوونی یەپەژە دەبێتە هۆی ئەوەی دڵی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بکەن."
پرۆسەی تێکۆشان
فەرماندەی یەپەژە ڕۆهڵات عەفرین، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەڵێت "ئەگەر حکوومەتی سووریا یەپەژە قبووڵ نەکات، ئاڵتەرناتیڤی ئێوە چی دەبێت و بەشداربوونی یەپەژە لەناو سوپادا چ جۆرە مەترسییەک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟" بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: "ئێمەش گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، بەڵام پێویستە ئەم پرسە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت. ئێمە دەخوازین دیالۆگەکانمان بەردەوام بن؛ داواکاری و بیروڕاکانی خۆمانمان گەیاندووە. هەوڵ دەدەین تێبگەیەنین کە بەشداربوونی یەپەژە لە چ ئاستێکدا دەبێت. ئەگەر قبووڵ نەکرێت، ئەو کاتە مرۆڤ دەتوانێت بابەتەکە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنێتەوە. ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەکی تێکۆشانە بۆ ژنان بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکان."
ڕۆهڵات عەفرین ڕایگەیاند کە سەبارەت بە پرسی بەشداریکردنی یەپەژە لە ناو سوپادا، لەگەڵ تۆم باراکیش کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و وتی کە ئەوانیش داکۆکی لەوە دەکەن کە پێویستە یەپەژە لەناو ئاسایشی ناوخۆدا شوێنی خۆی بگرێت، و لەم بارەیەشەوە لە داهاتوودا گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن.
یەپەژە بوون و ناسنامەی هەموو ژنانە
هاوكات وتەبێژی یەپەژە ڕووکەن محەمەدیش ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد: "قۆناغێکی زۆر گرنگمان تێپەڕاند. وەک یەپەژە بۆ ماوەی چواردە ساڵ لە هەموو بوارەکاندا کارێکی زۆرمان کرد. مەترسییەکانی سەر ژنان هێشتا بەردەوامن و بوونیان هەیە. بوونی ژن و ناسنامەی ژن هێشتا قبووڵ ناکرێت. ئەو عەقڵییەتە کۆنەپەرستەی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە ژن هێشتا بەردەوامە. تێکۆشانی چواردە ساڵەی ئێمە دژی ئەم عەقڵییەتە بوو. هەموو ژنان لەو بڕوایەدان کە پێویستە لە هەر چرکەیەکدا تێکۆشان و بەرگریی خۆمان بەهێزتر بکەین. ئێمە کولتوور و سیستمێکمان بنیات ناوە و بۆ پاراستنی ئەم سیستمەش تێکۆشانێکی بەهێزتر پێویستە. یەپەژە پارێزەری هەموو ژنانی سووریایە. ئێمە تەنها بە بەشداریی ژنان لە سوپادا دەتوانین باسی سووریایەکی ئارام بکەین. ئەگەر ژن نەبێت ناتوانین بڵێین سیستمەکە نوێیە. ئێمە تەنیا وەک هێزێکی سەربازی سەیری یەپەژە ناکەین، بەڵکو وەک بوون و ناسنامەی ژنانە. تێکۆشانی چواردە ساڵە تەنیا لە سنووری سووریادا نەمایەوە، بەڵکو بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە. ئێمە بۆ پاراستن و مسۆگەرکردنی دەستکەوتەکانی ژنان تێدەکۆشین. ڕێگەی ڕاست، ڕێگەی تێکۆشانە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا، هەر ژنێک لە ڕێگەی یەپەژەوە مانا و کولتووری بەرگریی ناسی. بەبێ بەرگری، مرۆڤ ناتوانێت باسی نوێبوونەوە، زیندوێتی، ئاسایش و ئارامی بکات؛ بەتایبەتی ئەم بابەتە بۆ ژنان ڕاست و پێویستە. یەپەژە بەرگری لە بەها و دەستکەوتەکانی ژنان کرد. لە هەموو کایەکاندا پێشکەوتنی لەگەڵ خۆیدا هێنا و پێشەنگایەتی بۆ کرد، و نوێنەرایەتی هەموو ژنانی کرد. یەپەژە بە ڕوانینێکی ژنانە، ناسنامەی بەرگریی بنیات نا. تێڕوانینی ژن بۆ شەڕ جیاوازە و بۆ ئاشتیش جیاوازە، بۆیە ئەگەر ژن نەبێت ناتوانین باسی ئارامیی سووریا بکەین. یەپەژە ئەرکی بنیاتنانی سووریایەکی فرەڕەنگ و ئارامی گرتووەتە ئەستۆ. هەر بۆیە بەشداربوونی ژنان لەناو سوپادا و لە بنیاتنانی یاسای نوێی سووریادا زۆر گرنگە."
Your Comment