بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ۱۶ی حوزەیرانی ۲۰۲۶لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "شکۆمەند بووم بە دیداری تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەوانە "هەنگاوە کارپێکراوەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانمان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حکومەتی سووریا؛ هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی دەبنەهۆی بەهێزکردنی رێڕەوی سیاسی و سەقامگیری".
بە گوتەی مەزڵووم عەبدی، لە دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامیی پشتیوانییەکان بۆ هەوڵەکانی دژی تیرۆر کراوەتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا، بە جۆرێک کە "مافی بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە حکومەت و داڕشتنی داهاتووی وڵات بپارێزێ".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە رۆڵی پشتیوانیکارانەی هەرێمی کوردستان دراوە لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و هاندانی دیالۆگ لەنێوان لایەنەکان، بە ئامانجی خزمەتکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ۱۶-۰۶-۲۰۲۶ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لەگهڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكى ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئهنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و دۆخى سووریا و هاريكاريى كورد و ديمهشق تاوتوێ کران".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان له سووريا کردەوە."
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە "گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافهكانى كورد و پێكهاتهكان له سووريا، رێگەی چارهسهركردنى كێشهكانه." ههر لهوبارهيهوه سەرۆکی هەرێمی کوردستان "ههموو هاوكارى و پشتگيرييهكى ههرێمى كوردستانى بۆ چارهسهركردنى كێشهكان و پاراستنى ئاسايش و سهقامگيرى نيشان دا".
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک نووسیویەتی: "را و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە، بە جەختکردنەوە لەسەر گفتوگۆ، هاوئاهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەرزکردنەوەی ئاسایش، و پشتگیریکردنی چارەسەرە ئاشتیانەکان".
Your Comment