بارزانی، عەبدی و باراک داهاتووی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان تاوتوێ کرد

مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند: لە شاری هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و سووریا کۆ بووەتەوە، پرسی تێکەڵکردنی هێزەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان لە حکومەتی داهاتووی سووریادا تاوتوێ کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ۱۶ی حوزەیرانی ۲۰۲۶لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "شکۆمەند بووم بە دیداری تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەوانە "هەنگاوە کارپێکراوەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانمان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حکومەتی سووریا؛ هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی دەبنەهۆی بەهێزکردنی رێڕەوی سیاسی و سەقامگیری".

بە گوتەی مەزڵووم عەبدی، لە دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامیی پشتیوانییەکان بۆ هەوڵەکانی دژی تیرۆر کراوەتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا، بە جۆرێک کە "مافی بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە حکومەت و داڕشتنی داهاتووی وڵات بپارێزێ".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە رۆڵی پشتیوانیکارانەی هەرێمی کوردستان دراوە لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و هاندانی دیالۆگ لەنێوان لایەنەکان، بە ئامانجی خزمەتکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ۱۶-۰۶-۲۰۲۶ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لەگه‌ڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكى ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئه‌نجام دا.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و دۆخى سووریا و هاريكاريى كورد و ديمه‌شق تاوتوێ کران".

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان له‌ سووريا کردەوە."

 لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە "گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سووريا، رێگەی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌." هه‌ر له‌وباره‌يه‌وه‌ سەرۆکی هەرێمی کوردستان "هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيرى نيشان دا".

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک نووسیویەتی: "را و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە، بە جەختکردنەوە لەسەر گفتوگۆ، هاوئاهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەرزکردنەوەی ئاسایش، و پشتگیریکردنی چارەسەرە ئاشتیانەکان".

News ID 227358

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha