بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەر بەم شێوەیەیە:
"گفتوگۆکان لەسەر ئەو یاسا بنەڕەتییەی کە پەیوەندی بە داهاتووی گەلانی تورکیاوە هەیە، بە شێوەی جیاواز بەردەوامە و لەناو ڕای گشتیشدا بڵاودەبێتەوە. کاتێک دەڕوانینە ئەو گفتوگۆیانەی لە سەرچاوە کراوەکانەوە بڵاودەبنەوە، لە مژاری مامەڵەی جددیدا لەسەر ئەم یاسایە، دەکەوینە نیگەرانییەوە.
ڕێبەر ئاپۆ لە دیداری ٢٠ـی تەممووزدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو یاسایەی دەردەکرێت پێویستە ڕووکەشی و بەرتەسک نەبێت، نابێت بە شێوەیەک بێت کە خزمەت بە داهاتوو نەکات و بە گوێرەی هەستیارییەکانی هەردوولا ئامادە بکرێت. لەبەرئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەم یاسایە بۆ کۆتاییهێنان بە دابڕانی سەدساڵەی نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورک ببێتە هەنگاوێکی گرنگ. هەر بۆیە گرنگە یاساکە تایبەتمەندیی ئەوەی هەبێت کە ئاشتی بکاتە ئامانج.
هاوشێوەی هەموو جیهان، ئاشتی بەر لە هەر شتێک لە زمانەوە دەستپێدەکات. بەکارهێنانی چەمکەکانی 'تیرۆر'، 'ڕێکخستی تیرۆر' بۆ ڕێکخستنێک کە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێناوە و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری دژی تورکیا هێناوە لە سەرەتاوە، ئەم پرۆسە پەیوەندیدارە بە داهاتووی گەلانمانەوە، دەخاتە کێشەوە. هەر لە سەرەتاوە هەستیارییەکان لەبەرچاو ناگیرێن. بە کورتی بۆ ئەوەی پرۆسەکە بچێتە پێشەوە، زۆر گرنگە زمان، پێناسە و ناوەڕۆک بە گوێرەی ئامانجەکەی بێت.
بێگومان کاتێک بابەتەکە چارەسەرکردنی شەڕ بێت، ئەو هەنگاوانەی لایەنەکان دەینێن دەبێت ماقول و جێبەجێکراو بن. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان لەم پرسەدا ئاگادارن. ئەگەر پرۆسەکە بۆ سەرقاڵکردن نەبێت بەڵکوو بۆ چارەسەریی بێت، کەواتە دەبێت نزیکایەتیش بەم جۆرە بێت.
وەک تەڤگەری ئازادیی جەختمان لەوە کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی بانگەوازیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێن، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا ڕامانگەیاند، بۆ ئەمەش دەبێت ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ دیار بێت و ئازادییەکەی دابین بکرێت. تاوەکو ڕێبەر ئاپۆ نەکەوێتە کار و خۆی ئەم پرۆسەیە بەڕێوە نەبات، مومکین نییە بڕیارە دراوەکان و پێداویستییەکانی ئەو یاسایەی کە دەردەکرێت، جێبەجێ بکرێن.
لە مژاری ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆدا، دەوڵەت باخچەلی گوتبووی، دەبێت ببێتە کۆردیناتۆری ئاشتی و سیاسەت. لەو گفتوگۆیانەی کە لە ئیمراڵی کرابوون قبوڵ کرابوو کە ڕێبەر ئاپۆ ببێتە کۆردیناتۆری ئاشتی و سیاسەت، لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی کە دەردەکرێت، ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ دیاری کرابوو. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە کراوەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ئەگەر ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ لە یاساکەدا ڕەچاو نەکرێت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنیدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش گرنگە کە ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ کە بەردەنگ و دانوستانکاری سەرەکییە، ڕوون و ئاشکرا بێت.
لە لایەکی ترەوە، لەگەڵ ڕۆحی ئەم پرۆسەیەدا ناگونجێت کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنها لە ئاستی چەکداناندا نیشان بدرێت. باس کردن لە یاسای بنەڕەتی یان یاسای چوارچێوە، ئەو مانایە دەگەیەنێت کە لە دوای ئەم یاسایە، یاسای دیکەش دەردەکرێن و هەنگاو دەنرێت. هەر لەبەر ئەمە، ئەگەر دەستنیشان بکرێت کە ئەو یاسایەی دەردەکرێت دەبێتە یاسای بنەڕەتی، پاشان پرۆسەکە بە یاساکانی دیموکراتیزەبوون بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان پێش بخرێت، ئەوا دڵی گەلانی تورکیا ئارام دەکاتەوە و متمانە بە پرۆسەکە زیاد دەکات.
وەک ئەوەی کە پێشتر چەندین جار جەختمان لەسەر کردووەتەوە، ئێمە نزیکایەتی بنەڕەتیی خۆمان لە دوای بینینی یاساکە دیاری دەکەین. بێگومان ئەگەر یاساکە ئەرێنی بێت، ئێمە زیاتر هانگاو دەنێین و بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ دەکەین".
Your Comment