کاتی کەمبوونەوەی گرژییە نێودەوڵەتییەکان، لابردنی بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان و گەشەکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەردەکەوێت، سەرنجی ڕای گشتی و بڕیاردەرانیش دەچێتە سەر ئاسۆ نوێیەکان. بەڵام لە قۆناغی وەهادا مەترسییەکی گەورە هەیە؛ ئەویش ئەوەیە ئەو توانا و تایبەتمەندییانەی لە سەردەمی قەیران و گوشارەکاندا دروست بوون یان گرنگیی خۆیان سەلماندووە، پشتگوێ بخرێن.
ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو ڕێککەوتن و کەمبوونەوەی گرژییەکان هەنگاو بنێت، یەکێک لەو توانایانەی کە نابێت لە دیدی داڕێژەرانی پلانی ئابووری دوور بکەوێتەوە، سنوورە ڕۆژاوایییەکانی وڵاتە. سنوورەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کرماشان لە قەیرانەکانی ئەم دواییانەدا سەلماندیان کە تەنیا دەروازەیەک نین بۆ بازرگانیی خۆجێیی، بەڵکو بەشێکن لە ژێرخانی ستراتیژیی ئابووریی ئێران؛ ژێرخانێک کە لە بارودۆخە سەختەکاندا توانی یارمەتیدەر بێت لە بەردەوامبوونی ڕەوتی بازرگانی، دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگریی ئابووریی نیشتمانی.
لە ساڵانی ڕابردوودا، هەر کاتێک بازرگانیی دەریاییی ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشە یان سنووردارکردن بووبێتەوە، گرنگیی ڕێگا وشکانییەکان زیاتر لە جاران دەرکەوتووە. گرژییە ناوچەیییەکان، نیگەرانی لەسەر ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز، بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و مەترسییەکانی ناشی لە گەمارۆکان، هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییەیان بیرهێنایەوە کە ئابووریی ئێران بۆ سەقامگیریی خۆی پێویستی بە هەمەجۆریی ڕێگا بازرگانییەکانە. لە دۆخێکی ئاواهادا، سنوورە ڕۆژاوایییەکان بوونە یەکێک لە گرنگترین دەرەچەکان بۆ ئابووریی وڵات.
بەڵام گرنگیی ئەم ناوچانە تەنیا بە سەردەمی گەمارۆ و قەیرانەکانەوە سنووردار نییە. هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر پێمان وابێت بە ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە، بەهای ئابووریی ئەم سنوورانەش کەم دەبێتەوە. تایبەتمەندیی سەرەکیی سنوورە ڕۆژاوایییەکان لە جوگرافیاکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە گەمارۆکان. جوگرافیاش بەپێچەوانەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، بەهایەکی جێگیر و درێژخایەنە.
لە نێوان دراوسێکانی ئێراندا، عێراق پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەم وڵاتە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گەورەترین مەبەستەکانی هەناردەی ناونەوتیی ئێران. ملیۆنان بەکارهێنەری عێراقی، پێویستیی بەربڵاو بە کاڵای پیشەسازی، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خۆراک، خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاری، و هەروەها پەیوەندییە قووڵە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بازاڕی عێراقی کردووەتە بازاڕێکی بێوێنە بۆ بەرهەمهێنەرانی ئێرانی. بەشێکی بەرچاوی ئەم پەیوەندییە ئابوورییە لە ڕێگەی سنوورەکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کرماشانەوە شێوە دەگرێت.
لە ڕاستیدا ئەم سنوورانە دەروازەی چوونەژوورەوەی ئێرانن بۆ بازاڕێک کە لە زۆر بواردا تایبەتمەندیی ڕکابەرایەتیی سروشتی بۆ کاڵا ئێرانییەکان دروست دەکات. تێچووی کەمتری گواستنەوە لەچاو ڕکابەرە دوورەکان، ناسینی لایەنەی بازاڕەکان و تۆڕی بەربڵاوی چالاکانی ئابووری لە هەردوو لای سنوور، ئەو تایبەتمەندییانەن کە تەنانەت لە کەشێکی بێ گەمارۆشدا دەمێننەوە. لەبەر ئەوە، گەشەپێدانی ئەم سنوورانە نابێت وەک سیاسەتێکی کاتی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە ستراتیژیی درێژخایەنی گەشەپێدانی هەناردەی ناونەوتیی وڵات.
خاڵێکی تری گرنگ، ڕۆڵی ئەم ناوچانەیە لە ئاسایشی ئابووریی وڵاتدا. لە ئەدەبیاتی نوێی گەشەپێداندا، چەمکی «خۆڕاگریی ئابووری» گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. ئابوورییە خۆڕاگرەکان ئەو ئابوورییانەن کە لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان، شەڕەکان، قەیرانە سیاسییەکان و پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردندا، نەرمی و توانای خۆگونجاندنی زیاتریان هەیە. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی دروستکردنی ئەم خۆڕاگرییە، هەمەجۆرکردنی ڕێگاکانی بازرگانی و لۆجستییکە.
ئێران بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە ئەم دەرفەتەی هەیە کە هەم سوود لە توانای بەندەرە باشوورییەکانی وەربگرێت و هەم لە تایبەتمەندیی سنوورە وشکانییەکانی. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی دا کە ڕوانینی تاکڕەهەندی بۆ بازرگانیی دەرەکی دەبێتە هۆی لاوازبوونی وڵات لە کاتی قەیراندا. سنوورە ڕۆژاوایییەکان جێگرەوەی بەندەرە باشوورییەکان نین، بەڵکو تەواوکەری ئەوانن. هەرچەندە ئەم دوو توانایە لە پاڵ یەکتردا گەشەیان پێبدرێت، ئابووریی نیشتمانی لە ئاسایش و نەرمی و توانای خۆگونجاندنی زیاتر بەهرەمەند دەبێت.
لە هەمان کاتدا، گرنگیی سنوورە ڕۆژاوایییەکان تەنیا بە هەناردە و هاوردەکردنەوە سنووردار نابێت. ئەم ناوچانە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی لۆجستی و ترانزێتی وڵات. لە دۆخێکدا کە ڕکابەرایەتیی ناوچەیی بۆ ڕاکێشانی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە (کۆریدۆرەکان) توندبووەتەوە، نابێت ئێران لە تایبەتمەندییە جوگرافییەکانی ڕۆژاوای وڵات بێئاگا بێت. گەشەپێدانی تۆڕی هێڵی ئاسن بۆ سنوورەکان، نوێکردنەوەی دەروازە بازرگانییەکان، دروستکردنی ناوەندی لۆجستیی مۆدێرن، ناوچە تایبەتە ئابوورییەکان و شارۆچکە پیشەسازییە هەناردەمیوەرەکان، دەتوانێت پێگەی ئەم پارێزگایانە لە ئابووریی نیشتمانیدا بەتەواوی بگۆڕێت.
لە ڕوانگەی گەشەپێدانی ناوچەییشەوە گرنگیی ئەم بابەتە دوو هێندەیە. پارێزگا سنوورییەکانی ڕۆژاوای وڵات ساڵانێکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ گەلێکی وەک بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، کەمیی وەبەرهێنان و کۆچی هێزی کار بوونەتەوە. بووژانەوەی بازرگانی و ترانزێت دەتوانێت ببێتە مۆتۆڕی بزوێنەری هەلی کار، وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بەردەوام لەم ناوچانەدا. ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان نیشانی دەدات کە ناوچە سنوورییەکان، ئەگەر بە دروستی بەڕێوەببرێن، لەبری ئەوەی پەراوێزی ئابووری بن، دەتوانن ببنە چەقی گەشەی ئابووری.
لە ڕاستیدا، وەبەرهێنان لە سنوورە ڕۆژاوایییەکاندا تەنیا بڕیارێکی ئابووری نییە؛ بەڵکو هەڵبژاردنێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، کەمکردنەوەی نایەکسانییە ناوچەیییەکان و زیادکردنی ئاسایشی بەردەوام. گەشەپێدانی ئەم ناوچانە بەواتای ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ گەنجان، بەرزکردنەوەی داهاتی خێزانەکان و گۆڕینی سنوورە لە هێڵێکی جوگرافییەوە بۆ هێزێکی پاڵنەری گەشەپێدان.
ئێستا کە باسی ڕێککەوتن و کرانەوەی ئابووری لە ئارادایە، کاتی ئەوە هاتووە کە بڕیاردەران بە ڕوانینێک لەودیو کێشە ڕۆژانەکانەوە بیر لە داهاتوو بکەنەوە. ڕێککەوتن، ئەگەر بێتە دیمەنەوە، نابێت بە واتای گەڕانەوە بۆ مۆدێلەکانی ڕابردوو و تەرکیزکردن تەنیا لەسەر ڕێگا نەریتییەکانی بازرگانی بێت. بەپێچەوانەوە، کرانەوەی ئابووری دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ تەواوکردن و بەهێزکردنی ئەو توانایانەی کە لە ساڵانی سەختدا بەهای خۆیان سەلماندووە.
سنوورە ڕۆژاوایییەکانی ئێران یەکێکن لە گرنگترین ئەو توانایانە. ئەوان لە سەردەمی گوشارەکاندا ڕۆڵی قەڵغانی ئابوورییان گێڕا و لە سەردەمی سەقامگیریشدا دەتوانن ببنە مۆتۆڕی گەشەی هەناردە، ترانزێت و گەشەپێدانی ناوچەیی. هونەری حوکمڕانیی ئابووری ئەوەیە کە ئەو تایبەتمەندییانەی لە ڕۆژانی قەیراندا دۆزراونەتەوە، لە سەردەمی بووژانەوەشدا بپارێزرێن. ئەگەر ڕوانینێکی ئاوا بەسەر سیاست داڕشتنی وڵاتدا زاڵ بێت، سنوورە ڕۆژاوایییەکان نەک هەر یادگاری سەردەمی سەختی نابن، بەڵکوو دەبنە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری لە دەیەکانی داهاتوودا.
Your Comment