بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم ئێوارە ئەدەبییەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە سیمایە ناودار و ناسراوە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی کوردستان وەک: محەمەد ماجید ڕۆحانی، فەردین سادق ئەیووبی، دکتۆر ئەردەلان، ئەسعەد فەرهادی، سیمین چایچی و کۆمەڵێکی زۆر لە ئەویندارانی شیعر و ئەدەبی کوردی ئامادە بوون.
لە بەشێکی سەرەکیی کۆڕەکەدا، هەریەک لە پسپۆڕان و ڕەخنەگرانی ئەدەبی؛ دکتۆر بەیان عەزیزی، دکتۆر ئومێد ورزنده و دکتۆر عەدنان بەرزنجی، بە چاوێکی زانستی و پسپۆڕانەوە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیان بۆ ناوەرۆک و زمانی ئەم بەرهەمە نوێیە کرد.
دکتۆر ئومێد وەرزەندە لە گوتەکەیدا تیشکی خستە سەر لایەنە نوێکانی ئەم دیوانە و ئاماژەی بەوە کرد کە شاعیر بە زمانێکی سادە و ڕەوان توانیویەتی بەشێک لە تابۆ باوەکان تێکبشکێنێت. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە شاعیر بە ئەنقەست کەڵکی لە دەستەواژەی ئەردەڵانی لەبری سۆرانی وەرگرتووە ئەمەش خاڵێکی بەهێز و تایبەتی ئەم کتێبە دێتە ئەژمار کە ڕەسنایەتیی دەقەکەی پاراستووە.
لەلایەکی ترەوە، دکتۆر عەدنان بەرزنجی وێڕای بەرزنرخاندنی ئازایەتی و بوێریی ناهید نەسیری لە دەربڕینی هەستەکانیدا، ڕایگەیاند کە شاری سنە هەر لە مێژووەوە لانکەی ژنانی پێشەنگ و داهێنەری وەک "مەستوورەی ئەردەڵان" بووە و ئەم شاعیرەش درێژەپێدەری ئەو ڕێڕەوەیە. دکتۆر بەرزنجی نیگەرانیی خۆشی لەسەر ئاستی زمانی شیعری کوردی دەربڕی و وتی: «زمانی شیعری کوردی پێویستی بە بەهێزکردن و پاراستن هەیە؛ دەبێت بە جیدی ئاگاداری ئەوە بین کە زمانی شیعر بەرەو دەستکردبوون نەچێت و ڕەسنایەتیی خۆی ون نەکات.»
هەر لەم کۆڕەدا، دکتۆر بەیان عەزیزی ئەم دیوانەی وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیی خاوەن پەیام ناساند و ڕایگەیاند: «لە دێڕ بە دێڕی ئەم کتێبەدا، خەمخۆری و خولیای شاعیر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پرسی ژنان بە ڕوونی دەبینرێت؛ تەنانەت لەو شوێنانەشدا کە شیعرەکە ڕواڵەتێکی عاشقانەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم خەمە کۆمەڵایەتییە لەناو دێڕەکاندا بەدی دەکرێت.»
لە کۆتاییی مەراسیمەکەدا، "ناهید نەسیری" وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مامۆستایان، ڕەخنەگران و ئامادەبووان، لەبارەی بەرهەمەکەیەوە وتی: «ئەم کتێبە پێش ئەوەی بانگەشەیەکی ئەدەبی بێت، زیاتر هاوارێکی دادخوازییە کە لە قووڵاییی دڵمەوە و بە زمانی شیعر دەربڕدراوە.»
Your Comment