تورکیا و پەکەکە پێگە سەربازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان تۆکمە دەکەن

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆ سیاسییەکان، سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە خەریکی پەرەپێدانی بنکە و تونێلی نوێ و تۆکمەکردنی هێڵەکانیانن لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «نەشناڵ کۆنتێکست» لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، لە کاتێکدا پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چووەتە قۆناغێکی نوێوە، پێشهاتە مەیدانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەوە نیشان دەدەن کە هەردوولا هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی دانوستانە سیاسییەکان، سەرقاڵی بەهێزکردن ژێرخانە سەربازییەکانی خۆشیانن؛ دۆخێک کە گوزارشت لە بەردەوامیی بێمتمانەییەکی قووڵ لە نێوان ئەنقەرە و پەکەکەدا دەکات.

بەپێی ئەم شیکارییە، سوپای تورکیا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دروستکردنی بنکە و ژێرخانی سەربازیی نوێی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەت لە دەوروبەری ئامێدی، ناوچەکانی نزیک لە سنووری تورکیا و هەروەها ناوچەی سیدەکان لە سێگۆشەی سنووریی نێوان عێراق، تورکیا و ئێران. ڕاپۆرتەکان باس لە چاککردنی شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر و دابینکردنی پێگەی لۆجستیی لەلایەن سوپای تورکیاوە دەکەن؛ هەنگاوێک کە دەری دەخات ئەنقەرە هێشتا ئامادەیی سەربازیی درێژخایەنی خۆی لە باکووری عێراقدا بە پێویست دەزانێت.

هاوكات، پەکەکەش لە ناوچە شاخاوییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا خەریکی لێدانی تونێل و دروستکردنی بەربەستی پۆڵایینە. سەرچاوەکانی نزیک لەم گرووپە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هێزەکانی پەکەکە سەرقاڵی فراوانکردنی تۆڕە ژێرزەمینییەکانن لە قووڵایی چیاکاندا؛ تۆڕگەلێک کە ئامانجیان پاراستنی هێزەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشڕەوییە ئەگەراییەکانی سوپای تورکیایە. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی تورکیاش ئەم تحورکاتانەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئیدیعای ئەوە دەکەن کە پەکەکە بە پێچەوانەی کەشی دانوستانەکان، هێشتا خەریکی پەرەپێدانی پێگە سەربازییەکانی خۆیەتی.

چاودێران پێیان وایە ئەم دۆخە جۆرێک لە «پێشڕەویکردنی هاوکاتی دانوستانەکان و سەنگەرسازیی سەربازی»ی هێناوەتە ئاراوە؛ پڕۆسەیەک کە پیشانی دەدات هەردوولا هێشتا دڵنیا نین لە سەرکەوتنی کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی. ئەگەرچی کەشی سیاسیی ئێستا ئەگەری گەڕانەوەی تەواو بۆ جەنگێکی بەرفراوان کەم دەکاتەوە، بەڵام پەکەکە هێشتا هەوڵ دەدات بژاردەی جێگرەوە یان «پلانی دووەم»ی خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستھێنانی دانوستانەکان، ئامادەیی سەربازیی خۆی لەدەست نەدات.

لە دەوروبەری ئەم بابەتەشدا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لەم دواییانەدا ئیدیعای کردووە کە بەشێک لە سەرکردایەتیی پەکەکە بە پێچەوانەی ڕاسپاردەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕەفتار دەکەن و بەردەوامبوون لە دروستکردنی تونێلەکان لەگەڵ پڕۆسەی چەکداماڵینی ئەگەراییدا ناگونجێت. ئەم لێدوانانە ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی ئەنقەرەیە لە بەردەوامیی ئامادەیی سەربازیی پەکەکە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا.

لە لایەکی ترەوە، شیکەرەوان پێیان وایە کە ئەگەری هەیە پەکەکە ئەم قایمقاری و سەنگەرە تۆکمانە بۆ بەرزکردنەوەی هێزی چانەزنیی خۆی لە دانوستانەکاندا بەکار بهێنێت. بە بڕوای ئەوان، تورکیا هێشتا هەنگاوە یاسایی و سیاسییە پێویستەکانی بۆ ئاسانکاریی چوونەدەرەوەی هێزەکانی پەکەکە لە پێگەو حەشارگەکانیان لە هەرێمی کوردستان نەناوە، و هەر ئەم بابەتەش وای کردووە ئەم گرووپە بەردەوام بێت لە پاراستن و پەرەپێدانی پێگە بەرگرییەکانی خۆی.

لە بەشێکی تری ئەم شیکارییەدا هاتووە کە پێدەچێت پەکەکە ئەم ژێرخانە نوێیانە تەنها وەک پێگەی کاتی نەبینێت. بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندن، ئەگەری هەیە بەشێک لەم تۆڕ و بنکە تۆکمانە لە داهاتوودا ڕادەستی هەندێک باڵی پەکەکە بکرێن، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئامادەیی خۆیان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە قەندیل و سیدەکان، زیاد کردووە.

ئەم پێشهاتانە ئەوە نیشان دەدەن کە سەرەڕای پێشکەوتنی ڕێژەیی پڕۆسەی سیاسی لە نێوان ئەنقەرە و پەکەکەدا، هاوکێشە ئەمنی و سەربازییەکانی باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) هێشتا بە ئاڵۆزی و لەرزۆکی ماونەتەوە و هەردوولا هێشتا خۆیان بۆ سیناریۆ جیاوازەکان، لە ئاشتییەوە تا گەڕانەوەی گرژییەکان، بە تەواوی ئامادە دەهێڵنەوە.

 

News ID 227343

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha